یاسر حەیدەری، لاوی کورد و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی شاری بانە، لە کێبڕکێی جۆدۆی گەورەساڵان لە بریتانیا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا.
ڕۆژی یهکشەممە، ٢٦ ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١٥/٢/٢٠٢٦)، کێبڕکێی جۆدۆی گەورەساڵانی بریتانیا لە شاری Liverpool بەڕێوە چوو. لەم کێبڕکێیەدا یاسر حەیدەری توانیی پلەی یەکەم و دووەم بەدەست بهێنێت و خەڵاتی زێڕ و زیوی کێبڕکێیەکە بباتەوە.
ناوبراو بەبۆنەی چلەی هەزاران شەهیدی ڕێگای ئازادی و دادپەروەری لە شۆڕشی ئێراندا کە لەلایەن ڕێژیمەوە شەهید بوون ئەم سەرکەوتنەی پێشکەشی شەهیدان و بنەماڵەکانیان کرد.
یاسر حەیدەری، لاوی ٣٤ ساڵەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەدایکبووی شاری بانەیە و خاوەنی بڕوانامەی کارناسی باڵا لە وەرزشە.
ناوبراو لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە وەرزشی جۆدۆ دەکات، خاوەنی دان ٣ی جۆدۆیە، ڕاهێنەر و داوەری فەرمی ئەم وەرزشەیە، و هەروەها ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیاشە.