دەورەیەکی دیپلۆماسی لەلایەن تۆڕی لاوانی UNPO و بەشی لاوانی ئەنجومەنی ئورووپا، لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە، دەستی بەکارەکانی خۆی کرد.
سوفیا ئەمینی، نوێنەری حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە UNPO، بەشداری ئەم دەورەیە بوو کە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(١٦/٢/٢٠٢٦)، لە ناوندی لاوانی ئورووپا لە ستراسبۆرگ دەستی پێ کرد.
ئامانجی سەرەکیی ئەم دەورەیە ئەوەیە کە توانای لاوانی چالاکوانی کۆمەڵگە بێدەوڵەتەکان، گەلە نەناسراوەکان، خەڵکە ڕەسەنەکان و کەمینە نەتەوەیی و کلتوورییەکان لە بوارەکانی دیپڵۆماسی دیجیتاڵی، دروستکردنی چیرۆکی نیشتمانی و میدیای ڕەخنەگرانەدا بەهێز بکرێت. هەروەها ئەم لاوانە بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر چیرۆک و ناسنامەی خۆیان بگەڕێننەوە و بە شێوەیەکی ئاکتیڤ و پیشەیی لە ئاستە جیاوازەکاندا بەشداری لە پرۆسە دێموکراتییەکان، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دیالۆگی نێودەوڵەتیدا بکەن.
بەرنامەی ڕۆژی یەکەم بە وتەی پێشوازیی سۆفی کڤاسنی (Sophie Kwasny)، سەرۆکی بەشی پەروەردە، ڕاهێنان و هەماهەنگی لە بەشی لاوانی ئەنجومەنی ئورووپا دەستی پێکرد.
لە بەشێکی تری کۆڕبەندەکەدا، مێرسێ مۆنجێ کانۆ (Mercè MonjeCano)، سکرتێری گشتی UNPO، وتارێکی پێشکەش کرد لەسەر "لاوان وUNPO چاوەڕوانییەکان، دەرفەتەکان، و کاریگەرییەکە".
لەم وتارەدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی لاوان لە چالاکییەکانی UNPO و چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەم پلاتفۆرمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و بەدیهێنانی مافەکانی گەلە بێدەوڵەتەکان.
بەشێکی تری ڕۆژی یەکەمی دەورەکە بۆ باسکردن و هەڵسەنگاندن لەسەر بانگەشەکردنی دیجیتاڵی (digital advocacy) تەرخان کرابوو. لەم بەشەدا باس لە ئامراز و ستراتێژییە دیجیتاڵییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگ، دروستکردنی کەمپەین و بەرەنگاربوونەوەی چیرۆکە ساختە و نەرێنییەکان لەسەر کۆمەڵگە ستەملێکراوەکان کرا.
ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکە بە هەڵسەنگاندنی ئەزموون و بیرۆکەکانی بەشداربووان کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
ئەم دەورەیە لە نێوان ١٦ تا ٢٠ی فێوریەی ٢٠٢٦ لە ناوەندی لاوانی ئورووپا لە ستراسبۆرگ بەڕێوە دەچێ.