ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی رێبەندانی ١٤٠٤( ٢٠٢٦/٢/١٤) دەستەیەک لە ئەندامانی حیزب لە شاری کاڵمار بە سەرپەرستیی جەلال ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو شارە، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئەم دواییانەی ڕۆژاوای کوردستان کرد کە لەلایان ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی کورد لە شاری کاڵمار ڕێک خرابوو.
یادەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بەشداران بە دانانی گوڵ، ڕێزی خۆیان بۆ یادی شەهیدان دەربڕی و هاوخەمییان نیشان دا.
نوێنەرێکی کۆمیتەی حیزب لە وتەیەکی کورتدا ئاماژەی بەوە کرد کە شەهیدان هێمای خۆڕاگری و خزمەت بە نیشتمانن و ئەرکی هەموومانە یادیان بپارێزین و درێژە بە ڕێباز و ئامانجەکانیان بدەین. هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی، یەکدەنگی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکان بە بێ جیاوازی بۆ پشتگیری لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، کردەوە.
لە کۆتایی یادەکەدا، هەیئەتەکە هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆی بۆ بنەماڵەی شەهیدان دەربڕی و دووبارە پەیمانیان بۆ بەردەوامی لەسەر ڕێبازی شەهیدان و کارکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوان کوردان نوێ کردەوە.