کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێکی پەروەردەیی بۆ ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات

18:25 - 28 رێبەندان 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی رێبەندانی ١٤٠٤(١٥/٢/٢٠٢٦)، کۆڕێکی پەروەردەیی لەژێر ناوی" مێژوویی ٨٠ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بۆ ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرێز "دوکتور جەواد دانش پەژوو"، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و بە بەشداری سەدان کەس لە ئەندامانی حیزب بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوە چوو.

وێبینارەکە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد و دواتر بەڕێز خوسرەو قادری ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی پەروەردە لە دەرەوەی وڵات وێڕای کردنەوەی وێبینارەکە، وتەیەکی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی خولەکانی پەروەردە بۆ ئەندامانی حیزبی لە دەرەوە پێشکەش کرد.

بەڕێز دانش پەژوو لە سێ قۆناغدا باسی خاڵە گرینگ و کاریگەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بزاڤی گشتیی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد ە و لەسەر خاڵە لاواز و کەمایەسییەکان هەروەها لەمپەڕەکانی بەردەم بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد دوا.

قۆناغی یەکەم: دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف تا ڕووخانی کۆماری کوردستان و لێکەوتەکانی

قۆناغی دووەم: قۆناغی لێکدابڕان لە ساڵانی ١٣٣٧ تا شۆڕشی گەلانی ئێران

قۆناغی سێیەم: بەشداریی حیزبی دێموکرات لە شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاکامەکەی

لە قۆناغی یەکەمدا، دوکتر دانش پەژوو ئاوڕی لە ژینگەی کۆمەڵایەتیی ساتەوەختی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی هەتاویدا کرد. کۆمەڵەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی کە ئارمانجی بەرزی ڕزگاریخوازی هەموو بەشە لێکدابڕاوەکانی کوردستانی لە پشت بوو کە دوای وەرچەرخانی سیاسەتی ڕێژێمی پاشایەتی و پشتیوانیی مەعنەویی حەمەڕەزاشای پاڵەوی لە ئاڵمانی نازی و هاتنی هێزی هاوپەیمانان بۆ ئێران و دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات لە هەڵایسانی شەڕی دووەمی جیهانیدا، لەلایەن چەندین لاوی نیشتمانپەروەرەوە دامەزرا. لەو بارودۆخەدا ئەو کۆمەڵەیە وڵامدەری ویستی سیاسیی ئەوسای کوردستان نەبوو هەر بۆیە سێ ساڵ دواتر لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەما و قەوارەی کۆمەڵەی ژێکاف و  لە ٢ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا.

دوکتور دانش پەژوو لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان لەو ماوەیەدا وەک: دامەزرانی قوتابخانەی کوردی، ڕوژنامەی کوردستان، گۆڤاری هەڵاڵە و گڕوگاڵی منداڵان، کتێبخانە و شانۆی کوردیی دایکی نیشتمان، هەروەها دامەزرانی سپای میللی کوردستان و ستراکتۆری ئەو دامەزراوەیە و گرینگی بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و پاراستنی ئەمنییەتی کۆمار و دانیشتووانی کوردستان کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەدا پەرژایە سەر فەزای سەرکوتی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، سازماندانەوەی کاتیی کۆمیتە و شانەکان کرد بەڵام زاڵبوونی فەزای سەرکوتی زیاتر لە دوای هەوڵی کوشتنی حەمەڕەزاشای پاڵەوی لە ساڵی ١٣٢٧ وای کرد کە تا ڕادەیەکی زۆر تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات وەک زۆربەی ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی دیکەی ئێران، بەرەو لاوازی و گیرانی تێکۆشەرانی دێموکرات چوو.

قۆناغی دووەم کە بە قۆناغی لێکدابڕان ناوزەدی کرد، باسی پێوەندی لەگەڵ حیزبی توودە، پەڕیوەبوونی ئازادیخوازانی کورد بۆ خاڵە سنوورییەکان و باشووری کوردستان، سەرهەڵدانی کێشە لە کۆنگرەی دووەمی حیزبی دێموکرات کە بڕیارەکانی بەدەر بوون لە فەرهەنگی سیاسی و سەربەخۆیی فیکری حیزبی دێموکرات، سەرهەڵدانی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ لەژێر گوشاری سەرکردایەتی شۆڕش لە باشووری کوردستان و لە ئاکامدا شەهیدبوونی بەشێکی زۆر لە ڕێبەرانی بزووتنەوە و حیزبی دێموکراتی لێکەوتەوە. لەدەستدانی سەربەخۆیی سیاسی حیزبی دێموکڕات تا گەڕانەوەی دوکتور عەبدوڵرەحمانی قاسملوو لە کۆنفرانسی سێیەم لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی دەخایەنێ. بەرنامە و ستراتێژیی حیزبی دێموکرات سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە کە جیاکردنەوەی هێڵی سیاسی و ستراتێژی حیزب لەگەڵ هزری توودەی لێ دەکەوێتەوە و هێڵێک بە سەر ئەو تێفکرینەدا دەهێندرێ کە پێی وایە خەباتی چینایەتی، ڕزگاریدەرە و سەرلەنوێ خەباتی نەتەوەیی وەک هێڵ و هەوێنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد پێناسەیەکی بەپێزی بۆ دەکرێتەوە.

ناوبراو لە بەشی سێیەمی باسەکەیدا کە قۆناغی شۆڕشی گەڵانی ئێرانە، باسی لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات و هەوڵەکانی د.قاسملوو لە دیپلۆماسییەکی فرە ڕەهەند بە مەبەستی بەدەستهێنان و جێخستنی مافەکانی نەتەوەکەمان کرد.

 

هەوڵی وتووێژ لەگەڵ خومەینی لە فەرانسە و نەجەف، پێکهێنانی کۆمیتەی زاگرۆس و گەڕانەوە و سازماندانی شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، فتوای جیهادی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژ، بەستنی کۆنگرەی چوار و جیابوونەوەی هێڵی توودەیی یا تاقمی ٧ کەسی، بەشداری لە شۆرای میللی مقاومەت و چەسپاندنی مافی خودموختاری بۆ گەلی کورد لەم شۆرایە، هەوڵەکان بۆ پەسندکردنی گەڵاڵەی سوسیالیزمی دێموکراتیک وەک ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێموکرات بۆ داهاتووی کوردستان، هەوڵەکانی د.قاسملوو بۆ چڕکردنەوەی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتان بە تایبەتی وڵاتی فەرانسە، هەروەها پێوەندی لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵی مرۆڤدۆست و ڕۆژنامەوانانی بێسنوور بۆ تێگەیاندن لە دۆخی کورد و خەباتەکەی، سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، تێرۆری دوو ڕێبەری گەورەی کوردستان و حیزبی دێموکرات شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و لە کۆتاییدا سیاسەتی واقیعبینانە و ڕوونی حیزبی دێموکرات بەشێکی دیکەی وانەی پەروەردەیی کۆڕگێر د.جەواد دانش پەژووی پێک هێنابوو.