ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١٦ی ٢ی ٢٠٢٦) سوفیا ئەمینی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێکخراوی گەل و نەتەوە بێ نوێنەرەکان (UNPO)، لە شاری ستراسبۆرگ لەگەڵ بەڕێز مێرسێ مۆنجێ کانۆ (Mercè Monje Cano)، سکرتێری گشتیی UNPO، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات باسێکی وردی سەبارەت بە شەپۆڵی نوێی خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەروەها هەوڵە بەرفراوانەکانی حیزبی دێموکرات بۆ دۆکیومێنتکردن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان سەبارەت بە خۆپیشاندانە بەردەوامەکان و دۆخی مافی مرۆڤ کرد.
نوێنەری حیزب هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی بەڵگەنامەکانی دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، کوشتنی خۆپیشاندەران، و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافی مرۆڤ دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز، هەموو هەوڵێکی خۆی هێناوەتە کار. لەم ئاستایەدا بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی داخستنی بەرفراوانی ئینتێرنێتی وەک تاکتیکێکی سەرەکی بۆ سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری بەکار هێنا.
لەم دیدارەدا، هاوکات باس لە چالاکییەکان و کۆنگرەی داهاتووی ڕێکخراوی UNPO ، کرا.
لە کۆتاییدا بەرێز مۆنجێ کانۆ جارێکی دیکە بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد پابەندبوونی بەهێزی خۆی دووپات کردەوە و هات کات بەڵێنی دا کە لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتی دەنگە جیاوازەکان لە نێو ئەندامانی UNPOدا بەردەوام بێت.