کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێوەندییە نیونەتەوەییەکانی حیزب لەگەڵ بەرپرسی بەشی پەیوەندیە نێونەتەوەییەکانی حیزبی لیبراڵ دیمۆکراتی ئوتریش دیداری کرد

16:54 - 29 رێبەندان 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(١٨/٢/٢٠٢٦)، لە درێژەی سەردان و چاوپێکەوتنەکانی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش، محەممەد فەقێ‌عەلی سەردانی دوکتور نیکۆلاوس شێراک ئەندام پارلەمان و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی لیبراڵ دێموکراتی ئوتریشی کرد.

ئەم دانیشتنەدا کە لە نووسینگەی کاری د. شێراک لە کلوبی پارلەمانتارانی حیزبی لیبراڵ دیمۆکرات بەڕێو چوو، نوێنەری حیزب باسێکی لە کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش و بە تایبەتی پەیوەندیی باش و دۆستانەی لەگەڵ حیزبی لیبراڵ دێموکرات هێنایە بەرباس. لە درێژەی ئەو باسەیدا نوێنەری حیزب، پەنجەی خستە سەر چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەرپرسی پێشووی ئەو بەشەی حیزبی دێموکرات.

لە باسێکی دیکەدا بەشی پەیوەندییەکان، هاتە سەر باسێکی گشتیی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتیخوازی و هەوڵ و تێکۆشەکانی نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی نەتەوەکەی و هەروەها خەبات و ماندووبوونی زۆر بۆ بە یەکەوەژیانێکی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکانی ئەو دەڤەرە و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتە مەزهەبی و ئیتنیکییەکان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا نوێنەری حیزب باسێکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداری و پێشەنگایەتیی نەتەوەی کورد لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها درێژەی ئەم شۆڕشە و برووسکەی نیشاندانی زیندوبوونی ئەو شۆڕشە لەم دواییانەدا کرد کە بەداخەوە یەکەم شەهیدەکان خەڵکی کوردستان بوون و وەک هەمیشە لێرەشدا کۆماری جنایەتکاری ئیسلامیی ئێران، و شۆڤینیزمی دەسەڵاتدار فەرق و جیاوازی دەکات، لە یەکەم هەنگاو و هەڵوێستیان دا هێزە دژیگەلییەکان دەست بۆ چەک دەبەن و خەڵک دەدەنە بەر دەستڕێژی گولـلە.

محەممەد فەقێ‌عەلی لە باسێکدا لەسەر ئێران و سرنجی کورد بۆ دواڕۆژی ئێرانی بێ ئاخوند و بنەما فکرییەکانی بەڕێوبەری لە ئێراندا، بۆ ئەوەی ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەکولتوور و ئاینی بتوانێ وەک پێویستە هەمووی ئەو جۆراوجۆرییانە بێ هیچ کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بێ هیچ پەراوێزخستنێک ببێتە لانکەی بەیەکەوە ژیان و پاراستنی بنەما دیمۆکراتیەکەکان و جیاوازیەکان، دەبێ دەسەڵات لە دەست تاک و لە یەک شوێنی وڵاتدا نەمێنێ، دەسەڵات دەبێ بە شێوەیەکی تەواو فیدراڵی و دێموکرات لە ئێراندا دابەش بکرێت و مافی هەر هەموو گەلانی ئێران وەک یەک دابین بکرێت و دامودەزگا و ناوەندی پارێزگاری لەو مافانە دابمەزرێت.

خاڵێکی دیکەی باسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزب، چەند داواکارییەک بوو کە پێشکەش بە بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی لیبراڵ دێموکرات کرا.

بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی لیبراڵ دێموکرات د. شێراک نیکۆلاوس خۆشحاڵیی خۆی لەم سەردانە دەربڕی و بڕیاری دا، ئەو خاڵە پێشنیارکراوانەی بەشی پەیوەندییەکانی حیزب لە شوێن و جێگای پێویست لەبەرچاو بگرێت

ناوبراو سپاسی کرد بۆ ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن بەشی پەیوەندییەکانەوە پێی گەیشت و هیوای خواست، کە بەم زووانە دانیشتنێکی دیکەیان هەبێت.

حیزبی لیبراڵ دێموکرات یەکێکە لە ٣ حیزبی دەسەڵاتدار، کە لەگەڵ حیزبی سوسیال دێموکرات و دێموکرات مەسیح حکوومەتی ئێستا وڵاتی ئوتریشیان بەدەستەوەیە.