ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(١٩/٢/٢٠٢٦)، لەسەر بانگهێشتنی سێناتۆر دەیڤید شوبریج شاندێکی ناوەندی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب، هاوڕێیان سەلاح پوورئەسەد، ژینو کاردۆ و باوە ڕەزایی بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژاوای کوردستان کرد.
کۆبوونەوەکە لە ڕێگای ڤیدیو کۆنفرانسەوە بەڕێوە چوو و تێیدا خاتوو ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی یەکینەکانی پاراستنی گەل ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرینگ کرد.
لە سەرەتای باسەکەیدا خاتوو ئیلهام، باسی ئەو هێرشە ناڕەوایەی حکوومەتی کاتیی سووریەی کرد کە بەپێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی پێشوو هێرشێکی بەربڵاویان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد کرد و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی و هێزی چەکدار کوژران و زیاتر لە ١٨٠٠٠٠ کەس ئاوارە بوون و ژمارەیەک گیران کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و بێ حورمەتی بە شەهیدان کرا. ئێستا لە ڕاستیدا تەنیا ئاگربەسی کراوە و بەشێکی زۆری کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و ئەگەری ئەوەی هەیە کە جارێکی دیکەش بکەوینە بەر هێرشی هێزەکانی ئەحمەد شەرع.
لەسەر کونتڕۆڵی ناوچە کوردییەکان و بەڕەسمی ناسینی زمانی کوردی و چونییەتیی بەڕێوەبەریی ئیدارەی ناوچەکەش هێندێک خاڵی ڕوون کردەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئیلهام ئەحمەد داوای پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژاوای کرد و ئێستاش داعشی بە مەترسیی گەورە زانی لە کاتێکدا بەشێکیان کاربەدەستی حکوومەتی تازەی سوورییەن.
پاشان سێناتۆر دیڤید شوبریج باسێکی کورتی لەسەر مافی گەلان و بەتایبەتی گەلی کورد کرد و ئاماژەی بەوەش دا کە گەلی کورد پێویستە لە وڵاتانی ناوچەکەدا مافی فێدراڵیان بەفەرمی بناسرێت. هەروەها سێناتۆر شوبریج باسی ئەو هەوڵانەشی کرد کە حکوومەتی ئوسترالیا بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەڵگرتووە.
ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی ئاکادێمی و ژمارەیەک پارلەمانی حیزبی سەوزەکان و ڕێکخراوەکانی کورد بەشداری ئەو سێمینارە بوون.