کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پتر لە ٢٠ منداڵ مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

11:05 - 2 رەشەمه 2725

لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، خوازیاری ڕاگرتنی خێرای لەسێدارەدان و کۆتاییهێنان بە ڕەوتی بەپەلە و  نادادپەروەرانەی دۆسییەی بەندکراوان بوو.

ڕۆژی هەینی یەکی ڕەشەمە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئاماژەی بەوە کرد کە ٣٠ بەندکران لەوانەش ٢٠ منداڵ و مێرمنداڵ مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

لە بەشێک لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "دادگاکانی ئێران بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ، بەپەلە و بەبێ لەبەرچاوگرتتنی مافی یاسایی بە دۆسییەکان ڕادەگەن".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی باسی لە پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە کرد.

زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە دەری دەخات کە ئەو منداڵە دەسبەسەرکراوانە لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەرین.

دیانا ئەلتەحاوی، جێگری ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی ئەو ڕیکخراوەیە، لەو بارەوە ڕایگەیاند: "بەرپرسانی ئێرانی جارێکی دیکە نیشانیان دا کە گرنگی بە مافی ژیان و دادپەروەری نادەن".

ئەلتەحاوی وتیشی: "لەسێدارەدانی خێرا و دادگایی بەپەلە وەک کەرەستەی ترساندن و سەرکوت، خەڵکی ئێران زیاتر بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی هان دەدات".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە "زیاترین ڕێژەی ئەو قوربانییانە، لاوان و منداڵانن".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کۆتایی بەیاننامەکەدا پێداگرە لەسەر ئەوەی ڕێژەی ئەو کەسانەی کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە زۆر زیاترن، چونکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی سیستماتیک بنەماڵەی بەندکراوان و هەواڵدەرییەکان لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاماری ڕاستەقینە دەترسێنێت.