ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤(٢١ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) لەلایەن بەشی پەروەردەی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی دانمارک، وێبینارێک بەمەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، بەڕێوە چوو.
سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر لەلایەن خاتوو کەژوان یووسفی و کاک فاخیر مەولوودییەوە بەخێرهاتنی بەشداران کرا.
لە پانێلی یەکەمدا د.هەژار ڕەحیمی، مامۆستای زانکۆ باسێکی لەژێر ناوی "زمان و نەتەوە لە نێوان دوێنی و ئەمڕۆدا" پێشکەش کرد.
د. ڕەحیمی لە باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە بەهێزترین فاکتەرەکانی بنیاتنان و بەدیهێنانی ڕۆحیەی نەتەوەیی کە دەتوانێت خزمەت بە ڕەوتی نەتەوەخوازی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و هێز بکات، لە ڕاستیدا زمانە کە ڕۆلێکی بەهێز و بنەەڕەتیی هەیە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانین لەبەرچاوی نەگرین.
د. هەژار ڕەحیمی هەروەها باسی لەوەش کرد کە بە سەرنجدان بەو بارودۆخە هەستیارەی کە نەتەوەکانی داگیرکەر لە ڕابردوو و هەتا هەنووکەش هەوڵ دەدەن کە زمانی کوردی نەبێتە زمانی پەروەردە، بۆ ئەوەی کە ئێمەش بتوانین بە شێوەی ڕێکخراو و بنەڕەتی تەواوی چەمک، تێگەیشتن، باوەڕ و جوانیناسینەکانی خۆمانی پێ دابڕێژین، لەوە تێدەگەین کە ئێمە هیچ ڕێگایەکمان نییە جگە لە بەهێزکردنی زمانی خۆمان.
لە پانێلیی دووهەمدا مەسعوود بابایی، زمانناس و مامۆستای زانکۆ، باسێکی لەژێر ناوی"زمان و وێژمان" پێشکەش کرد.
مامۆستا مەسعوود لە بەشێک لە باسەکەیدا باسی ئەوەی کرد کە بە درێژایی ساڵانێکی زۆری ژێردەستەیی و لێکدابڕانی کۆمەڵگەی کوردیدا، پەیوەندییەکان لە کەمترین ئاستدا بوون کە ئەمەش بووە بە هۆکار کە بە ڕادەی پێویست ئارشیومان لەبەر دەستدا نەبێت کە بتوانین وەکوو پێویست لە شێواز و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی کۆنی کوردەواری تێبگەین یان باسی لەسەر بکەین. ئەم خاڵە لاوازەش کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی کوردییە کە وای کردووە کە هەموو فاکتەرێک بۆ ناساندنی کورد پەیوەست بێت بە زمانەوە و بە کورتی زمان بووە ناسێنەری هەمەلایەنەی کورد.
بڕگەی کۆتایی وێبینار تەرخان کرا بوو، بۆ تێبینی، سەرنج و ڕەخنەی بەشداربووان کە بەشێوەیەکی شیاو وڵام درانەوە.