ڕؤژی شەممە ٢ی ڕەشەمە، وێبینارێک لەژێر ناوی "زمان وەک کۆڵەکەی ناسنامە و شوناسی نەتەوەیەک"، بۆ "عەلی بداغی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ کۆمیتەکانی بریتانیا، ئۆتریش، فینلاند و بێلژیک بە شێوەی ئانلاین لە تۆڕی "زووم"، بەڕێوە چوو.
وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان "کاوە مودەڕسی" بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و دواتر لەلایەن نێعمەت مەلا بەشێک لە ژیان و بەسەرهاتی کاک عەلی بداغی خوێندرایەوە.
بەڕێز بداغی لە چەند ڕەهەندەوە تیشکی خستە سەر گرنگیدان بە زمانی کوردی و لە ڕووی سیاسییەوە باسێکی لەمبارەوە خستە ڕوو.
بەڕێزیان تیشکی خستە سەر زمانی کوردی لە ڕووی سیاسی و وڵامدانەوە بەو پرسیارە کە زمان چ ڕۆڵێکی لەسەر شوناسی نەتەوەیی گەلێک هەیە کە بۆ ڕزگاری لە بندەستی و ئاسێمیلەبوون لەلایەن دیکتاتۆرەکان خەبات دەکات و باسی لەوە کرد کە ئاخۆ زمان، تەنیا ئامراز و پردی پێوەندیگرتنە یان ئامرازی هێز و دەسەڵات بۆ خۆ پێناسەکردن لە بەرانبەر نەیار و دژبەرانی زمانی کوردی بووە.
لە بەشێکی دیکەدا باسێکی لە سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە بەنیسبەت زمانی کوردی چی بووە و هەروەها حیزبی دێموکرات و کۆمەڵگەی کوردستان لەهەمبەر پرسی زمان چییان کردووە.
هەروەها بەڕێزیان لە کۆتایی تەوەری باسەکەیدا تیشکی خستە سەر دۆخی هەنووکەیی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات و گرینگیدان بە زمانی دایکی لەم دۆخەی ئێستای ئێراندا.
دواتر بەشداربووان لەسەر تەوەری باسەکە چەند پرسیارێکیان ئاراستەی کاک عەلی بداغی کرد و بەڕێزیشیان وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.