داواکاریی مێحراب عەبدوڵڵازاده بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکوومکراو بە سێدارە و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارەی دۆسییەکەی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە ڕەت کرایەوە و سەرەڕای تۆمارکردنی داواکارییەکە، لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم بڕیاری ڕاگرتنی حوکمەکەی نەداوە.
سیداد شێرزاد، یەکێک لە پارێزەرەکانی دۆسییەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: "مەترسیی جێبەجێکرانی سێدارەی مێحراب عەبدوڵلازادە جیددیە.
داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەی تۆمارکراو لە ٢٩ی سەرماوەز لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە لە ڕۆژی ٧ی ڕێبەنداندا ڕەت کراوەتەوە و سەرەڕای تۆمارکردنی داواکارییەکە لە ٢٨ی ڕێبەندان، لقی ٣٩ لە دەرکردنی بڕیاری ڕاگرتنی حوکمەکە خۆی دەبوێرێ.
ئەم خۆبواردنە لەکاتێکدایە کە دەقی تێبینێی بڕگەی ٤٧٨ی ئایینی دادڕەسیی کەیفەری سەبارەت بە دەرچوونی بڕیاری وەستاندنی جێبەجێکردنی بڕیار باسی لە وەرگرتنی داواکارییەکە کردووە و جێگایەک بۆ پێویستی و تێگەیشتنێکی دیکە نییە."
لە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازاده، بەشێوەی کاتی ڕاگیرا و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا. ئەم حوکمە که پێشتر لە ڕێکەوتی ۲۵ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤ لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کرابوویەوە و پاش جێگیربوون، بۆ جێبەجێکران ڕادەستی یەکەی جێبەجێکاری سزاکانی بەندیخانەی ورمێ کرابوو، پاش ناڕەزایەتیی پارێزەرەکانی دۆسییەکە و خستنەڕووی گەڵاڵەی ناڕەزایەتیی نوێ، جارێکی دیکە لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پێداچوونەوەی پێدا کرا.
لە ٣ی بەفرانباری ۱۴۰۴دا بنەماڵەی مێحراب عەبدوڵڵازادە، دوابەدوای پشتڕاستکرانەوەی حوکمی ناوبراو لە دیوانی باڵادا، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی داوایان لە ناوەندە مافی مرۆییەکان و بەرپرسانی جیهانی کرد یارمەتییان بدەن و خوازیاری وەستاندنی حوکمەکە و پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسییەکەی لە ڕەوتێکی دادوەریی دادپەرەوەرانە و ڕووندا بوون، باوک و دایک و برای مێحراب جەختیان لەسەر بێتاوانبوونی ناوبراو کردەوە و وێڕای ئاماژە بە دۆخی دژوار و قەیراناویی بنەماڵەکە، باسیان لە ستەم و نادادپەروەرییەکان لە ماوەی دەسبەسەرکران و پێڕاگەیشتنی یاسایی دژی ناوبراو کرد و بە ئاماژە بە ئەشکەنجەی فیزیکی و دەروونی، نەبوونی بەڵگەی باوەرپێكراو دژی کوڕەکەیان و گوشاری دادوەری کە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراوی بەدواوە بووە، پێداگرییان لەسەر دەستێوەردانی خێرای ناوەندە نێونەتەوەییەکان بۆ پێشگرتن لە جیبەجێکرانی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە کرد؛ بنەماڵەی مێحراب جەختیان کردەوە کە داواکارییەکانیان تەنیا ڕاگرتنی سزاکە نییە بەڵکوو خوازیارن پێڕاگەیشتنی دووبارە و دادپەروەرانە بە دۆسییەکەدا بکرێ.