کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێکی هاوبەش لە ستۆکهۆڵم

00:48 - 4 رەشەمه 2725

ڕۆژی شەممە، ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤(٢١/٢/٢٠٢٦)، خۆپێشاندانێکی هاوبەش لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران بۆ یادی چلەی شەهیدانی ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لە گۆڕەپانی "گوستاو ئەدۆڵف" بەڕێوە چوو.

سەرەتای بەرنامەکە بە وتنەوەی چەند دروشم لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە "فلۆیەر مەسعوودی" بە زمانی فارسی  و "ڕێناس خزری" بە زمانی سویدی، بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران  دەستی پێکرد.

دواتر سروودی "ئەی ئیران" و دوای ئەویش سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" بڵاو کرانەوە.

"بێهرووز پەرتەوی" بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی موجاهێدین چەند وتەیەکی بە زمانەکانی فارسی و کوردی پێشکەش کرد.

پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزب بە زمانی کوردی لەلایەن "لەیلا محەممەدی" خوێندرایەوە.  

بڵاوکردنەوەی سروودێکی کوردیی خاتوو "لەیلا شمیرانی" وەک یەکێک لە کەسوکاری شەهیدانی مانگی بەفرانبار چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. دوو کەس لە کەسوکاری هەرە نزیکی ئەو خاتوونە لەنێو کوژراوانی ئەم دواییانەدا بوون.

پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزب بە زمانی فارسی لەلایەن "بیژەن قارەمانی" خوێندرایەوە.

پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لەلایەن "جەمیلە حەسەنخاڵی" خوێندرایەوە و  سروودێکی کوردی بڵاو کرایەوە.

دوای ئەو سروودە "موجتەبا قوتبی" لەلایەن ڕێکخراوی موجاهێدینەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

دوای ناوبراو پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزب بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن دوکتۆر "سۆزان فەتحی"یەوە خوێندرایەوە.

 

پێویستە بگوترێ کە لە نێوان پەیام و وتارەکاندا دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی و سوئێدی بۆ مەحکوومکردنی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت کوشتاری هەزاران کەس لە خۆپێشاندەران لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا دووپات دەکرانەوە.

بڕگەی پێش کۆتایی خۆپێشاندانەکە ڕاگرتنی بێدەنگی و دانانی گوڵ بە یادی ئەو قوربانییان بوو. لەو بڕگەیەدا دوو سروودی تایبەت بە شەهیدان بە فارسی و کوردی بڵاو کرانەوە.

خۆپێشاندانەکە سروودی فارسیی "قەسەم" کۆتایی پێهات.