کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی زانستی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە فرانکفۆرت

11:00 - 4 رەشەمه 2725

ڕۆژی شەممە، ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، سێمینارێکی زانستی و نەتەوەیی بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی دانیشتووی ئاڵمان و وڵاتانی دەوروبەر لە شاری فرانکفورت بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە کە لەلایەن تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی کۆمیتەی گشتیی ئاڵمان و ناوەندی لێکۆڵینەوەی تیشکەوە ڕێک خرابو، لە دوو پانێلی پسپۆڕیدا تیشکی خستە سەر گرنگی و ڕەهەندە جیاوازەکانی زمانی کوردی.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد. پاشان، دوکتور جەواد دانش‌پەژوو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، پەیامێکی پێشکەش کرد.

بەڕێزیان لە پەیامەکەیدا، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان و پسپۆڕان، ئاماژەی بە گرنگیی زمانی دایکی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی کرد. کورتەیەک لە پەیامەکەیان بریتی بوو لە جەختکردنەوە لەسەر زمان وەک کەرامەت و ناسنامە، مافی خوێندن بە زمانی دایکی، هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەسەر ئەم پرسە، و بانگەواز بۆ کاری هاوبەش لەپێناو پاراستنی زماندا.

بەرنامەکە لە دوو پانێلی سەرەکی پێکهاتبوو کە تێیاندا شەش کەسایەتیی ئەکادێمی و شارەزا وتاریان پێشکەش کرد.

پانێلی یەکەم لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دکتۆر مەنسوور سوهرابی بەڕێوەچوو و تێیدا ئەم بەڕێزانە وتاریان پێشکەش کرد:

ـ دوکتور هاشم ئەحمەدزادە: لە وتارێکدا لەژێر ناوی "زمان و گێڕانەوە"، تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان زمان و چۆنیەتیی گێڕانەوەی مێژوو و ناسنامە.

ـ خاتوو سەیران مەعرووفی: لە باسێکدا لەسەر "زمان و ناسنامە"، ڕۆڵی زمان وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ناسنامەی تاک و کۆمەڵی شی کردەوە.

ـ دکتۆر بێهرووز چەمەن‌ئارا: لەژێر ناونیشانی "دادپەروەری و زمان"، باسی لە پەیوەندیی نێوان مافی زمان و چەمکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کرد.

دوای وتارەکان، دەرگای گفتوگۆ و پرسیار بۆ ئامادەبووان کرایەوە و بەشداران بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان کرد.

دوای پشوویەک، پانێلی دووەم لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دوکتور جەواد دانش‌پەژوو دەستی پێکرد و تێیدا ئەم بەڕێزانە بەشداربوون:

ـ دوکتور قادر وریا: لە باسێکدا لەسەر "زمانی کوردی لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا"، ڕۆڵی زمانی کوردی وەک چەکێکی کاریگەر لە خەباتی نەتەوەیی کورددا شی کردەوە.

ـ بەڕێز ژیار جەهانفەرد: لە وتارێکدا لەسەر "زمانی کوردی و سینەما"، باسی لە تواناکان و ئاستەنگەکانی بەردەم سینەمای کوردی بۆ خزمەتکردن بە زمان کرد.

ـ بەڕێز فەرەیدوون ئەرشەدی: لەژێر ناوی "ڕۆڵی شێعر لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییدا"، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی شیعری کوردی لە پاراستنی زمان و کولتووردا.

ئەم پانێلەش بە هەمان شێوە بە پرسیار و وڵامی ئامادەبووان کۆتایی هات و گفتوگۆیەکی زیندووی لێکەوتەوە.