کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبنارێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە نۆروێژ

11:08 - 4 رەشەمه 2725

 ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ ( ٢٢/٠٢/٢٠٢٦ )، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی و پشتیوانی لە زمان و شوناسی نەتەوەیی، بەشی پەروەردەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران-نۆروێژ، وێبنارێکی بۆ بەڕێز ئەلبورز ڕووئین‌تەن، لە پلاتفۆرمی زووم لەژێر ناوی "ڕۆڵی زمانی دایکی لە شوناسی نەتەوەیی و بزاڤی سیاسیدا" بۆ ئەندامانی حیزب بەڕێوە برد.

وێبنارەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، و خوێندنەوەی کورتەیەک لە ژیان و بەسەرهاتی بەڕێز ڕووئین‌تەن لەلایەن ئاواز خزری بەرپرسی بەشی پەروەردەوە دەستی پێکرد.

 لە بەشی یەکەمی وێبنارەکەدا بەڕێز ڕووئین‌تەن تیشکی خستە سەر پرسی زمان و جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان، چۆن زمان وێنای بیری مرۆڤەکان دەکات، زمان و مرۆڤ پێکەوە بەستراوەن. زمان یەکێکە لە کۆڵەکە بەهێز و سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ. بەخۆشییەوە ئێستا گرینگیی بە نەتەوەییبوون و زمان لە ژیانی مرۆڤایەتیدا جێگایەکی تایبەتی هەیە. لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی زۆریان داوە بۆ کەمکردنەوە، تواندنەوە و لەناوبردنی زمانەکەمان. ئێستا لەم سەردەمەدا زمان زۆر گەشەی کردووە و پەرەی سەندووە، بەتایبەت کە  ژیری دەستکرد یەکێکە لە ئامرازە پێشکەوتووەکانی سەردەم. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پرسی زمان بۆ ئێمەی کورد و لە دۆخی سیاسیماندا تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە، لە وڵاتی ئێران کە بە هەموو شێوازێک زمانی کوردی ڕێگەپێنەدراوە و بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستانە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن نەوەیەکی ژیر و وشیارن کە پارێزگاری لە شوناس و نەتەوەبوونی خۆیان دەکەن.

بەڕێز ڕووئین‌تەن لە درێژەدا باسێکی گشتیی لەسەر دۆخی سیاسی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد وتی ترس و دژایەتیی دەوڵەت لەوەدایە کە کۆمەڵگە بەتایبەت کورد نابێت وشیار بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوو نەتوانێت بڕیار لەسەر پرسی سیاسیی خۆی بدات لەو وڵاتەدا. بەڵام بەخۆشییەوە کۆمەڵگەی کوردی ئەوەند وشیار و بەئاگایە کە هەوڵ و تێکۆشانی ئەوانیش یەکسانە بە خەباتی سیاسیی ئێمە. بۆ نموونە لە سەردەمی سمکۆی شکاک، کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان چەندین گۆڤار، ڕۆژنامە، فەرهەنگ و کتێب چاپ و بڵاو کراونەوە و کەڵکیان لێ وەرگیرا. لە سەردەمی کۆماردا خوێندن و نووسین لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی بوو. ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ناوەند بۆ فێربوونی زمانی کوردی هەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە پێرۆزە و خزمەت بە کۆمەڵگەی کوردی کار دەکەن. هەموو ئەو دەسکەوتانە ئاسانکارین بۆ داهاتووی کوردستانێکی ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا بەڕێزیان پێویستیی "درووستکردنی چەترێکی زانستی" بۆ کۆکردنەوە و کەڵکوەرگرتن لە توانای ئەو هەموو زانا و لێهاتووانەی وەک "هێمن و هەژار" بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و باسی هاووڵاتییانی دیاسپۆرای کرد کە لەگەڵ هەموو گیروگرفتەکانی ڕۆژگار و ژیانی غوربەت، هەوڵ و تێکۆشانییان فێرکردنی زمانی کوردی خۆیان و منداڵەکانییان بەرچاوە بووە.

لە کۆتایی باسەکەیدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاستی وشیاری و ڕۆشنبیریی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرێدراوی سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، بۆ نموونە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی.

بەشی دووەم کە تایبەت بوو بۆ پرسیار و تێبینی لە چوارچێوەی باسەکەی بەڕێز ئەڵبورز ڕووئین‌تەن، کە دواتر وڵامی ئامادەبووان درایەوە.