ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤( ٢٢/٢/٢٠٢٦ ) بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ڕێورەسمێکی تایبەت لەلایەن بەشی پەروەردەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە چوو.
ڕێورەسمەکە بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان لەلایەن هاوڕێ "نەشمیل عەبدی" دەستی پێکرد.
پەیامی کۆمیتەی حیزب بەو بۆنەوە لەلایەن هاوڕێ "کۆزاد ویژە"وە پێشکەش کرا. ناوبراو وێڕای پیرۆزبای بەبۆنەی ڕاگەیاندنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئيران" ڕایگەیاند زمانی کوردی تەنیا کەرەسەی ئاخافتن و پێوەندی نییە و بۆ گەلی کورد ئەو زمانە چەکێکە بۆ بەرگری لە شوناس و بوونی کورد و تا ئێستا سەرەڕای هەموو پیلانگێڕی و دژایەتییەکی داگیرکەران، ئەو زمانە هەروا لە گەشەدایە و بووەتە شوورەیەکی پۆڵایین بۆ گەلی کورد.
لە درێژەی ئەو ڕێورەسمەدا، زمانزان و وەرگێڕ هاوڕێ ڕەسووڵ سوڵتانی، بابەتێکی زانستی و ئەدەبیی لەسەر زمانی کوردی پێشکەش کرد.
ناوبراو لێکدانەوەیەکی وردی لەسەر شوێندانەریی زمان و پەیڤ لەسەر کەسایەتی و هزری تاکەکان و ڕەنگدانەوەی لە کۆمەڵگەدا کرد و ئاماژەی کرد کە چۆن وشە و ناو و نازناو دەبنە خاوەن قەوارە و قورسایی و لە هزری کۆمەڵگەدا ڕەگئاژۆ دەبن.
ناوبراو بە ئاماژە بە زانستی زمانناسی و بیرۆکە ناسراوەکانی دونیا لەسەر ئەو بابەتە و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە ئەدەب و وێژەی کوردی باسەکەی دەوڵەمەند کردبوو.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، بەڕێز "بەنگی یەڵدیز" سیاسەتوان و کەسایەتیی ناسراوی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان بابەتێکی پێشکەش کرد.
بەڕێز "یەڵدیز" بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەت نەتەوەی تورک، وتی کە سیاسەتی پاکتاوی نژادیی کورد و قەدەغەکردنی زمان و چاندی کوردی بۆ ماوەیەکی درێژ جۆرێک لە ناهومێدی پێکهێنابوو، بەڵام گەلی کورد توانیی بەسەر ئەو قۆناغەدا تێپەڕێ و "ئیرادەی" خۆی بەسەر داگیرکەراندا سەپاند. لە بەرخۆدانی "متمانە بە خۆبوون" دایکان و زمانی کوردی چەکی بەهێزی گەلی ئێمە بوو. دایکانی ئێمە ڕۆڵەکانیان بە زمانی کوردیان گۆش دەکرد و بەو شێوەیە گەلی ئێمە توانی چۆک بە دەیان ساڵ سەرکوت و زیندان و داگیرکەری دابدات.
بەشێکی ئەو ڕێوڕەسمە تایبەت بوو بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕاپەڕینی نوێی گەلەکەمان بەتایبەت لە کرماشان و ئیلام و مەڵکشایی. لەو بەشەدا، بەڕێز "فایەق ئەحمەدی" چالاکوانی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و بە خوێندنەوەی پارچە شێعرێک بە زاراوەی کەلهوری باسی لە ژان و ئازارەکانی گەلەکەمان بەگشتی و کرماشان و ئیلامی سەربەرز، بە تایبەتی کرد.
ڕێوڕەسمەکە لە یەکێک لە هۆڵەکانی ناوەندی ئاکادێمیکی "دۆگلاس کۆلێج" بەڕێوە چوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییان و کوردستانییانی دانیشتووی هەرێمی ڕۆژاوای کانادا تێیدا بەشدار بوون.