کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی ئوتریش

16:14 - 13 رێبەندان 2725

ڕۆژی شەممە ١١ی ربەندانی ١٤٠٤٠٤(٣١/١/٢٠٢٦)، لەلایەن کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری ڤییەن و بە بەشداریی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە ئوتریشییەکان بەڕێوە چوو.

سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکەوە خاتوو تارا زەرزا و کاک حوسەین خاڵخاڵ بە زمانی ئاڵمانی و کوردی پاش پێشەکییەک لەسەر کۆماری کوردستان،  بەخێرهاتنی میوانەکان کرا و ڕیزبەندی ڕێوڕەسمەکە ڕاگەیەندرا.

پاش سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی گەل و نیشتمان لەلایەن کاک محەممەد فەقێ‌عەلی وەک بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە ئوتریش، بە کورتی ئاماژە بە مێژووی کۆماری کوردستان کرا.

دواتر لەلایەن خاتوو مونیرە نیگەهدار بەرپرسی کۆمیتەی حیزبەوە، پەیامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بۆ هەشتایەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان، پێشکەش کرا.

پاش پێشکەشکردنی پارچە مۆسیقایەک لەلایەن کاک شۆڕش مۆلایی پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش، کە بە زمانی ئاڵمانی لەلایەن دوکتور جەزا ساڵحییەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کرا.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا پاش کورتەیەک لەسەر مێژووی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی کۆمار و شوێندانەرییە ئەرێنییەکانی کۆمار تا بە ئەمڕۆش، ئاماژە بە ڕووداوە نوێیەکانی ئێران بەگشتی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان بە تایبەتی وەک خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان، چۆنیەتیی کوشتاری خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانەوە، هێرش بۆ سەر خەستەخانەکان، ڕادەستکردنەوەی تەرمی شەهیدان بە کەسوکاریان لە بەرانبەر پارەیەکی زۆر کرابوو و هەروەها ئاماژە بە کوڕێ شا و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی لایەنگرانی لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی دیکەی ئێران کرابوو کە نابێ وەک نوێنەری ئوپوزیسیۆنی ئێران متمانەی پێ بکرێت و وەر بگیردرێت. 

بەشێکی تری پەیامی کۆمیتە دەربڕێنی خۆشحاڵی بۆ ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن یەکیەتی ئورووپاوە بوو. هەروەها ئاماژە بە چەند داواکارییەکی دیکە وەک وەدەرنانی باڵوێزی ئێران لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا، وەدەرنانی کەسوکاری کاربەدەستانی ڕێژیم و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و دارایییان و هەروەها پچڕاندنی هەر چەشنە پێوەندیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کرابوو.

لە پەیامەکەدا هەروەها ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژاوای کوردستان وەک هێرشی سپای سووریە بۆ سەر ڕۆژاوا و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی چەکدارانی سووریە بەرانبەر بە کوردەکانی ڕۆژاوا کرابوو.

دواتر لەلایەن کاک دوکتور سدیق زەرزاوە دوو هۆنراوە لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری کوردستاندا پێشکەش کران.

پاشان  نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە ئوتریشی و کوردستانییەکان کە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون پەیامیان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە  : ئێرنست  ڤۆلەر ئەندامی پارلەمانی ڤییەن و بەرپرسی یەکەمی پارلەمانی شاری ڤییەن لە حیزبی سۆسیال دێموکرات.

ئیڤا ئێرنست جیجیک نوێنەری پێشووی پارلەمانی ئوتریش و بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سەوز.

شەفەق  ئاکچای نوێنەری پارلەمانی ڤییەن لە حیزبی سۆسیال دێموکرات .

بێریوان ئەسلان نوێنەری پێشووی پارلەمانی ئوتریش و نوێنەری ئێستای پارلەمانی ڤییەن لە حیزبی سەوز.

پاتریسیا  ئاندێرلە، نوێنەری پارلەمانی ڤییەن لە حیزبی سۆسیال دێموکرات .

پڕۆفیسۆر دوکتور تۆماس شمیدینگەر کوردناس، مامۆستا ی زانکۆ، نووسەر، لێکۆڵەر و دۆستی کورد.

میکایل فانیزادە جێگری بەڕێوبەری یەکەمی ڕێکخراوی نێونەتەوەی دیالۆگ لە شاری ڤییەن.

نیکی کۆنڕاد نوێنەری پێشووی پارلەمانی ڤییەن لە حیزبی سەوز.

ئەسلان ئێرگان نوێنەری ئەندامی شۆرای شاری ڤییەن و بەرپرسی ڕێکخراوی دێموکراتی ئاسووری .

 

هەر یەک لە پێترا بایەر ئەندامی پارلەمانی ئوتریش و بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سۆسیال دێموکرات و بەرپرسی یەکەمی کۆبوونەوەکانی شۆرای پارلەمانتارانی پارلەمانی ئورووپا،  سایە ئەحمەد بەرپرسی مەنتقەی نۆی ڤییەن لە حیزبی سۆسیال دێموکرات، هایدی سیکوێنتز ئەندامی پارلەمانی شاری ڤییەن لە حیزبی سەوز پەیامی خۆیان پێشکەشی ڕێوڕەسمەکە کردبوو.

هەروەها حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانیش بە پێشکەشکردنی پەیام و ناردنی برووسکە و بەشداریی نوێنەر بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون کە بریتی بوون لە:

ڕێکخراوی کوردانی یارسان لە ئوتریش، پارتی دێموکراتی کوردستان بە پەیام لەلایەن کاک سامان عوسمان، ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سووریە بە پەیام لە لایەن باڤێ هەولێری، پارتی ئازادی کوردستان، پارتی پێشوەڕۆی کوردی سووریە بە پەیام لەلایەن کاک محەممەد ئەمین یووسف، پارتی گەلی کورد لە سووریە ، ڕێکخراوی ژینا بە پەیام لەلایەن خاتوو لانە ئەقدەسی، فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە پەیام لەلایەن خاتوون هیوا حوسێن،  کۆمەڵەیا چاند و ئینتیگراسیۆن بە پەیام لەلایەن کاک ئازاد بەرەکات، مەڵبەندی کوردی لە ڤییەن بە پەیام لەلایەن کاک عەلیڕەزا بەرپرسی مەڵبەند، ئەنیستیتۆی کوردیا چاند و زمانی کوردی، ماڵی ئێزیدیان ، ڕێکخراوی زاگرۆس.

ڕێکخراوی ژینا بە دانانی گوڵ لە بەردەم میوانانی بەشدار، ڕێزیان لە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی یەکەم کۆماری کوردستان گرت.