کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبینارێک سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

11:14 - 5 رەشەمه 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤(٢٢/٢/٢٠٢٦)، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا وێبینارێک لەژێر ناوی "زمانی کوردی، ئاستەنگ و دەسکەوتەکان" لەلایەن کۆمیتەکانی حیزب لە وڵاتانی فەرانسە، بێلژیک، هۆلەند، سویس، ئیتالیا و یوونان بە میوانداری بەڕێز مستەفا مەعرووفی پسپۆڕ و کارناسی باڵا لە بواری زمانناسییەوە پێکهات.

وێبینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

لەو وێبینارەدا کە چەندین تەوەری لەخۆ دەگرت، بەڕێزیان تیشکی خستە سەر زمانی دایکی و تاکی کورد، ڕۆڵی زمان لە پەیوەندی لەگەڵ شوناسخوازیی نەتەوەی کورد و کاریگەرییەکانی لەسەر ویست و داخوازی گەلی کورد و گرینگیی زمان لای تاکی کوردی تاوتوێ کرد.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەدا بەڕێز مەعرووفی لەسەر چۆنیەتیی پێناسەکردنی زمانی دایکی لە وڵات و کولتوورە جیاوەزەکان و هەروەها پێداگریی ڕۆشنبیرانی کورد لەسەر گرینگیی زمانی دایکی وەک کۆڵەکەیەکی گرینگ لە پرۆسەی نەتەوەسازی کرد و باسی لەو مژارە کرد کە بۆ نەتەوەی کورد زمان تەنیا ئامرازی پێوەندی نییە بەڵکوو یەکێک لە ڕەگەزە هەرە بنچینەییەکان و قەڵغانێکی بەهێزی بەربەرەکانێ لە بەرامبەر تەوژمی پیلانی تواندنەوە و ئاسێمیلەکردنی نەتەوەکەمان لەلایەن نەتەوەی سەردەست لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرد.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا بەڕێزیان باسی لە دەسکەوتەکانی زمانی کوردی و شێوەی پاراستنی ئەو زمانە بە درێژایی مێژووی خەباتی کورد کرد و ڕۆڵی هونەری کوردیی لە پاراستنی زماندا بەرز نرخاند و دواتر ناوبراو پەرژایە سەر زمانی کوردی لە دنیای دیجیتاڵ و تەکنەلۆژیا و کەمایەسییەکانی دەستنیشان کرد و تیشکی خستە سەر چۆنیەتیی بەڕۆژکردنەوە و مۆدێڕنکردنی زمانی کوردی لەو ڕەهەندەدا و لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و ڕۆڵی نەرێنیی نەبوونی زمانێکی ستانداردی کوردیی تاوتوێ کرد.

دوایین بەشی وێبینارەکە بۆ وەرگرتنی پرسیار و تێبینییەکانی بەشداربووان تەرخان کرابوو کە زیاتر تێبینییەکان پێداگرییان لەسەر  چۆنیەتیی گەیشتن بە زمانی ستانداردی کوردی بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت دەکردەوە کە لەلایەن بەڕێز مستەفا مەعرووفییەوە وڵام درایەوە.