کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەرایەتیی حیزب لەگەڵ شاندێکی پایەبەرزی حیزبی N-VA

09:28 - 6 رەشەمه 2725

ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە برووکسێل، نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاوی بە شاندێکی پایەبەزی حیزبی  N-VA کەوت.

شاندەکەی ئێن ڤێ ئا بریتی بوون لە "پیتەر دێ رۆڤێر" کە ئێستا سەرۆکی پارلەمانی فێدراڵی بێلژیکە، "والێری ڤان پێل" سەرۆکی پارتەکە و "کاتلەین دێپۆرتێر" سەرۆکی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی ئێن ڤێ ئا لە پارلەمانی فێدراڵی بێلژیک .

لە دیدارەکەدا کە نوێنەری پارچەکانی تری کوردستانیش بەشدار بوون، هەر پارچەیەک باسێکی سەبارەت بە بارودۆخی خۆی خستەڕوو.

لەم بوارەدا نوێنەرایەتیی حیزب باسەکەیان لە سێ بواردا پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە دۆخی ئێستا ئێران، هەلومەرجی هێزەکانی ئۆپۆزسیون، یەکانگیریی هێزەکانی خۆرهەڵات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و لە دواییدا تیشک‌خستنەسەر ئەو بوارانەی کە دەتوانین تێیدا هاوکاری بکەین.

شاندی ئێن ڤێ ئا لە دواییدا بە پرسیار و سەرنج لەسەر قسەکان و هەروەها پرسیارەکانیان سەبارەت بە دۆخی ئێران بە گرینگییەوە ڕۆژەڤەکانی ئێران و پرسی کوردستانیان بەلاوە گرینگ بوو.

لە دواییدا نوێنەرایەتیی حیزب پرسیاری لە هەڵوێستی ئەم حیزبە سەبارەت بە گۆڕان لە ئێران کرد. سەرۆکی پارلەمان و سەرۆکی “ئێن ڤێ ئا” بە ڕاشکاوی باسیان لەوە کرد کە ئەوان لایەنگریی هیچ گرووپ و لایەنێک لە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی ناکەن و ئەو ڕەفتارانەی دەبینرێ بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی سیاسەتی ئەم پارتە ناکات. بۆیە سەرۆکی پارتەکە وتی کە بە ناوی منەوە دەتوانن ڕایبگەیەن کە "ئێن ڤێ ئا" لایەنگری لە هیچکەس و لایەنێک وەک جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی ناکات و پەیوەندی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە.

کۆتایی دیدارەکە بە خستنە بەر باسی هێندێ پێشنیار کۆتایی پێهات.