کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە بەشداریی نوێنەری ڕێژیم لە شۆرای مافی مرۆڤی ژنێڤ کرد

10:48 - 6 رەشەمه 2725

لە دوای سەرکوتی خوێناویی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، نوێنەری ڕێژیم بەشداریی لە شۆرای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ کرد و ئەوەش نیگەرانی و ڕەخنەی توندی چالاکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتەوە.

کازم غەریب‌ئابادی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە، لە بەرانبەر ئەندامانی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لێدوانی دا.

چالاکانی مافی مرۆیی داوایان لە ئەندامانی ئەو شۆرایە کردبوو، لە کاتی لێدوانی ناوبراودا شوێنی کۆبوونەوەکە بەجێ بهێڵن.

چالاکانی مافی مرۆیی لەوبارەوە ڕایانگەیاند لە کاتێکدا کە دەیان هەزار بنەماڵەی قوربانییانی مانگی بەفرانبار ماتەمینن، نوێنەری ئەو ڕێژیمەی کە دەستی بە خوێناویترین سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان سوورە، لە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە مافی مرۆییەکانی جیهان لەبارەی مافی مرۆڤەوە لێدوان دەدات.

بەشداریی نوێنەری ڕێژیم لەو شۆرایەدا لەکاتێکدایە کە پێشتر دەیان ڕێکخراوی مافی مرۆیی جیهانی ڕایانگەیاندبوو ئەوەی ڕێژیمی تاران لەو سەرکوتە خوێناوییەدا کردی، تاوان دژی مرۆڤایەتی بوو.

هێلل نویێر، بەڕێوەبەری کارگێڕیی ڕێکخراوی یوو ئێن واچ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دانی تریبۆن بە نوێنەری تاران پەیامێکی بەئازار بۆ قوربانییانی مانگی بەفرانبارە.

ناوبراو وتیشی: "ناکرێ ڕێژیمێک کە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی خۆی کوشتووە، ڕەوایی نێونەتەوەیی پێ بدەیت. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شەرم بکات لەوەی بانگی بکوژران دەکات".

غەریب‌ئابادی لەو شۆرایە کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانی ڕەت کردەوە و ئەمریکا و ئیسرائیلی بە هاندانی خەڵکی ئێران و پەرەپێدانی نائارامییەکان تاوانبار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا، زیاتر لە ٥٠ کەسی بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە و سەدان هەزار کەسیشی بریندار، کەمئەندام و دەسبەسەر و ئێعدام کردووە.