ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ سەبارەت بە شەپۆلی دەسەبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و بێسەروشوێنکردنی ناڕازییانی مانگی بەفرانبار، ئەشکەنجەی دەسبەسەرکراوان و ئەگەری لەسێدارەدانی نهێننیان، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.
ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمە بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات کە لە دوای کۆمەڵکوژییە سەرتاسەرییەکانی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی مانگی بەفرانبار، دەزگای ئیتلاعات و هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە، دەیان هەزار کەسیان لە ئێران دەسبەسەر کردووە، کە منداڵیشیان تێدایە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، دەسبەسەرکراوانیان خستوونەتە ژێر گوشارەوە و بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون و ئەم دەسبەسەرکراوانە لەگەڵ مەترسیی جیددیی مەرگ، موحاکمەی نادادپەروەرانە و لەسێدارەدارانی نهێنی، خێرا و سەرەڕۆیانە بەرەوڕوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران بکەن دەستبەجێ هەموو دەسبەسەرکراون ئازاد بکەن، چارەنووس و شوێنی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە بێسەروشوێن کراون و هەر لەسێدارەدانێکی پلان بۆداڕێژراو ڕابگرن و ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی بێ بەربەست بە ئێران، هەموو بەندکراوان و گرتنگەکان بە دامەزراوە نێودەوڵەتییە سەربەخۆکان و چاودێران و بەتایبەتی نوێنەری کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران بدەن.
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤدا هاتووە: "ئەو حکوومەتانەی باڵیۆزخانەکانیان لە ئێراندا هەیە، پێویستە چاودێرانی پایەبەرزی خۆیان بۆ هەموو کۆبوونەوەکانی دادگاکانی پێوەندیدار بە سزای لەسێدارەدان بنێرن و دەسبەجێ خوازیاری پشکنینی هەموو بەشەکانی گرتنگەکان بن."