کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیک لە بەردەم پارلەمانی نۆروێژ بەبۆنەی چلەی شەهیدانی بەفرانبار

10:30 - 7 رەشەمه 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤(٢٦/٢/٢٠٢٦) بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بۆ یادی چلەی شەهیدانی ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، گردبوونەوەیەک لە بەردەم پارلەمانی نۆروێژ لە ئۆسلۆ بەڕێوە چوو.

ئامانج لەو چالاکییە، ڕاکێشانی سەرنجی نوێنەرانی پارلەمان و سۆزی خەڵکی نۆروێژی بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان و گەیاندنی پەیامی پشتیوانی لە خەڵکی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و ئێران بەگشتی بوو .

بۆ ئەو مەبەستەش نزیک بە  ۵۰ پەیکەری شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەک هێمایەک بۆ کارەساتەکە، نمایش کرابوون و لەسەر هەر پەیکەرێک وێنەی شەهیدێک و زانیاری لەسەر شەهیدەکە، گوڵێک و مۆمێک لە بەردەمی داندرابوو.

لەو گردبوونەوەیەدا بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە وڵاتی نۆروێژ، داواکاریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی لە بەیاننامەیەکدا گەڵاڵە کردبوو و لە بەردەم پارلەمان لەکاتی هاتنەدەرەوەی پارلەمانتارەکانی نۆرویژیدا پێشکەشیان دەکردن.

هەروەها نووسراوێکی تایبەت لەسەر ئامانجی چالاکییەکە چاپ کرابوو و لە شوێنی چالاکییەکە دەدرا بەو ڕێبوارانەی کە بە شەقامی سەرەکی و شوێنی خۆپیشاندنەکەدا تێدەپەڕین.

چەند سروودی نیشتمانی و لاواندنەوەی تایبەت بە شەهیدان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، ببووە جێگای سرنجی خەڵک و گەورەیی کارەساتەکەیان زیاتر بۆ دەردەکەوت.