ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢٥/٢/٢٠٢٦)، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە حیسام دەستپیش، بەها ئیبراهیمی و ئاسۆ عەزیزی بەشدارییان لە سێمینارێکی سیاسیی یەکیەتیی ئورووپادا کرد.
ئەم سێمینارە لەلایان بەشێک لە پارلەمانتارانی ئەم ڕێکخراوە بۆ بەڕێزان ئێلهام ئەحمەد و ڕۆژهەڵات عەفرین لە ناوەندی ئەم ڕێکخراوە لە شاری برووکسێل پێکهاتبوو.
لە سەرەتای ئەم سێمینارەدا خاتوو ئەڤین ئێنجیر پارلەمانتاری ئورووپایی بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و ئاماژەی بەهۆکاری بەڕێوەچوونی ئەم سێمینارە کرد کە پێویستە ئێمە وەک ئورووپا پشت لە دۆستەکانمان نەکەین و لە ئەگەری ئەوەیکە دەستەڵاتی ڕۆژاوا بکەوێ سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش هەیە و هەروەها ئەمە ڕۆژاوا بوو کە لە سەنگەری پێشەوەی شەڕ بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی بوو.
دواتر بەڕێز ئێلهام ئەحمەد باسێکی کورتی لەسەر بارودۆخی ڕۆژاوا پێشکەش بە بەشداربووان کرد و دوا ڕووداوەکانی هێنایە بەرباس.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئێمە لەسەر مسۆگەرکردنی زۆر لە مافەکانمان سوورین وەک مافی خوێندن بە زمانی کوردی، و هەروەها ئەگەر ئەم بەندیخانانەی داعش کە کەوتوونە بەردەست دەستەڵاتی ناوەندی کۆنتڕۆڵ نەکرێن ئەوە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لەئارادایە.
بەشی دواتردا خاتوو ڕۆژهەڵات عەفرین بەرپرسی یەپەژە (YPJ) باسی لەوە کرد کە ژنانی ڕۆژاوا شانبەشانی پیاوان و بەڵکوو زۆر کات لە پێشەوەی ئەوان ڕۆژاوایان پاراست و لە هەندێک شوێنی وەک کۆبانی حەماسەیان خوڵقاند و بەرگرییان لە مرۆڤایەتی کرد، هەر بەم هۆکارە ئێستا کاتی ئەوەیە یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا پشتگیریی خەڵکی ڕۆژاوا بکەن.
لە کۆتاییدا بەشداربووان پرسیار و بۆچوونی خۆیان ئاراستە کرد و لەلایان هەر یەک لە بەڕێزان ئێلهام ئەحمەد و ڕۆژهەڵات عەفرینەوە وڵام درایەوە.