ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤(٢٦/٢/٢٠٢٦)، هەیئەتێکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ پێکهاتوو لە بەڕێزان ئەمیر باباخانی، سیروان قادرزادە و شۆڕش ئوستادی لەگەڵ نوێنەرانی پارتی کرێکاران لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری لە پارلەمانی نۆروێژی کە لە بەڕێزان ڕوونە باکێرویک بەڕێوەبەر و نیلس ئوولە فۆسهاوگ پارلەمانتاری هاوکار پێکهاتبوو، دیداریان کرد کە پێکهێنەری سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە لە پارلەمان کاک عوسمان کەوکەبی بوو.
ئەو کۆبوونەوەیە لە درێژەی کۆبوونەوەی پێشوو بوو کە لە نێوان پارتی ناوبراو و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٨ی ژانویەی ئەمساڵ پێکهاتبوو و لە سەرەتادا باسێک لەسەر کۆبوونەوەی پێشووتر کرا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز ڕوونە باکێرویک باسی لەوە کرد کە ڕوون نییە دۆخی نالەباری ئێران چی لێ بەسەر دێت. لەلایەکەوە ئەمریکا لە کۆکردنەوەی هێزدایە لە ناوچەکە، لەلایەکی ترەوە ئێران و ئەمریکا بۆ ڕێگە چارەی دیپلۆماتیک لە گفتوگۆدان، هەروەها ئاماژەی بە دۆخی تێکچووی ناوخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و جموجۆڵی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوە کرد.
ئەمیر باباخانی بە نامەیەک داخوازییەکانی حیزبی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کرد کە بریتیبوو لەم چەن خاڵەی خوارەوە.
ـ ناساندنی نایاساییبوونی ڕێژیم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و پشتگیریکردنی هێزە دێموکراتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن کە بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی سکۆلار، دیمۆکرات و فیدراڵ تێدەکۆشن کە تێیدا هەموو نەتەوە و کۆمەڵگەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتی بکرێن و مافی خۆبڕیارییان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پێ بدرێت.
ـ کۆتاییهێنان بە خەیاڵی ئەوەی کە گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕێژیم دەتوانێت بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی. ئەزموونی زیاتر لە ٤٧ ساڵی ڕابردوو بە ڕوونی پیشانی دەدات کە هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ پتەوکردنی بەرنامەی ئەتۆمی، پشتگیریکردنی گرووپە تێرۆریستییەکان و سەرکوتکردنی گەلی خۆی بووە. ئەم ڕێژیمە هاوبەشێکی متمانەپێکراو نییە.
ـ دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان یا داخستنی باڵوێزخانەی ئێران لە ئۆسلۆ، دەرکردنی دیپلۆماتکارە ئێرانییەکان و کشاندنەوەی کارمەندانی نۆروێژی لە تاران. بەردەوامبوون لە پەیوەندییە ئاساییەکان لەگەڵ ڕێژیمێک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەکات و باڵوێزخانەکەی بەکار دەهێنێت بۆ چاودێریکردنی چالاکانی دەرەوە، متمانە و باوەڕپێکراوی نۆروێژ وەک وڵاتێکی پێشەنگ لە بواری مافی مرۆڤ لاواز دەکات.
ـ شکاندنی بێدەنگی و وەرگرتنی هەڵوێستێکی چالاکانە دژ بە پێشێلکارییە بەردەوامەکان. بێدەنگی ئێستای نۆروێژ هەڵبژاردەیەکی مەترسیدارە کە جیهان قەبووڵی دۆخی ئێستای کردووە، لەکاتێکدا سەرکوتکردن و ستەم بەردەوامە.
پاشان داوا کرا کە وڵامی داخوازییەکان لە نزیکترین کاتدا بدرێتەوە. ڕوونە باکێرویک بەڵێنی دا کە داواکارییەکان بگەیەنێتە بەر دەستی ئێسپن بارئەیدە واتا وەزیری دەرەوەی نۆروێژ و بەرزی بکاتەوە بۆ ئاستی حکوومەت.
لە درێژەدا، سیروان قادرزادە باسێکی لەسەر ناڕەزاییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێشکەش کرد کە ئامانجی هاوبەش تێیدا گۆڕینی ڕێژیمە لە ئێران. ناوبراو داوای لە پارتی دەسەڵاتدار کرد کە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران لەسەر ئەو بنەمایانەی کە وڵاتی نۆروێژی لەسەر دامەزراوە بۆ نموونە فرە ڕەنگی و بنەما دێموکراتیکەکان بکەن.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە پێویستە پارتی دەسەڵاتدار لە نۆروێژگوێ لە داخوازی گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێرانی بگرێ و پشتیوان بێت لە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئێستای ئێران کە دەبێتە هۆکار بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی و ئارمی لە ناوچەکە.
لە وڵامی پرسیارێکی نیلس ئوولە فۆسهاوگ لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتی نۆروێژ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چی بکات بۆ ئارامی ناوچەکە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک لە ئێران، نوێنەرانی حیزب داوایان کرد کە دەوڵەتی نۆروێژ پێویستە پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی کوردی بکەن کە داکۆکی لە بنەما دێموکراسییەکان و مافی مرۆڤ دەکات بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نیلس ئوولە فۆسهاوگ باسی لەوە کرد کە پێویستە نۆروێژ لەگەڵ ئەو وڵاتانە هاوکاری بکات کە داکۆکی لە پاراستنی مافی نەتەوە کەمینەکان بکەن لە ئێران و ئەو پرسیارەی ئاراستە کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چ دەوڵەتێک پێشنیار دەکات بۆ ئەوەی نۆروێژ لەگەڵیدا هاوکار بێت؟
لە وڵامدا نوێنەرانی حیزب ئاماژەیان بەوە کرد کە نۆروێژ دەتوانێت پێشەنگ بێت و پشتیوانی لە دەوڵەتێک بکات کە هەموو نەتەوەکانی ئێرانی تێدا بەشدار بن و هەر بەو هۆیەش ڕاشکاوانە پشتیوانیی داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بکات و ئاماژە بەوە کرا کە دەوڵەتی ئاڵمان، کانادا و فەرانسە زۆر بەباشی مامەڵەیان لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییە کردووە بەتایبەت لەسەر دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە درێژەی وتوێژەکاندا شۆڕش ئوستادی پێشنیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەمەڕ سیستمی فێدراڵی و لامەرکەزی وەک باشترین شێوازی دەسەڵات خستە بەر باس و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو سیستمی بەڕێوەبەرییە باشترین بژاردەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی ئێران و زامنکردنی مافی سیاسی و کولتوریی نەتەوەکانی ناو ئێران.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا شۆڕش ئوستادی ئاماژەی بە هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە پێکهاتووە لە ٥ حیزب و کاریگەریی ئەو هاوپەیمانییە لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و ئێران. هەروەها باسی ناوەرۆکی هاوپەیمانییەکە کرد کە سەرەکیترین خاڵەکانی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ کورد و دابینکردنی هەموو مافە ڕەواکانی نەتەوەی کوردە.
کاک عوسمان کەوکەبی باسێکی لەسەر ڕۆڵی نەرێنیی ڕەزا پەهلەوی و لایەنگرانی کرد کە دژی نەتەوەکانی تری ئێرانن و دروشمی سەرەکییان یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و یەک دەوڵەتە کە مەترسییەکی گەورەیە لە داهاتووی ئێراندا. هەروەها ئاماژەی بە پەیامەکانی ڕەزا پەهلەوی کرد کە دژی نەتەوەکانی تر ئاراستەی دەکات.