ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤(٢٧/٢/٢٠٢٦)، سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا لەگەڵ کامڕان سوهرابی لە بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزب سەردانی بەڕێز پۆڵ سکار، سێناتۆر لە حیزبی لیبراڵی ئوسترالیا لە شاری بریزبێنی کرد.
ئەم چاوپێکەوتنە بە مەبەستی باسکردن لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ئێران، کوردستانی ئێران و ناوچە پێکهاتبوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا شاندی حیزب باسی گرژییەکانی ناو ئێران، خۆپیشاندانی خوێندکاران لە زانستگاکان و هەروەها دوایین جینایەتی کۆماری ئیسلامیی کرد کە هەزاران خۆپیشاندەری لە شارەکانی ئێراندا کوشت و بریندار کرد و سەدان کەسیشی دەسبەسەر کرد.
سێناتۆر پۆڵ سکار بەوردی ڕا و بۆچوونی خۆی لەسەر هەلومەرجی ئێستای ئێران دەربڕی و بۆ جارێکی دیکەش دووپاتی کردەوە کە ئەو پشتیوانی جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی ئێران و مافە ڕەواکانی خەڵکی ئێرانە .
لە درێژەی دیدارەکەدا باس لەسەر پێکهاتنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرا و کاک سەلاح پوورئەسەد داوای لە سێناتۆر پۆڵ سکار کرد کە دەوڵەتی ئوسترالیا پشتوانی لەو هاوپەیمانییە بکات .
بەشی کۆتایی دیدارەکە باس لەسەر هەلومەرج و دوایین گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان بوو و هەروەها کات بۆ دیدار و هەندێک بەرنامە بۆ داهاتوو دیاری کرا.