ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢٧/٠٢/٢٠٢٦) لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نۆروێژ، بە دەستپێشخەریی چەند لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەو هێزانە و نوێنەری بەشێک لە حیزب و لایەنە سیاسییە کوردی، ئێرانی و نۆروێژەکان، خۆپیشاندانێک لەبەردەم پارلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.
خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد. دواتر ئامادەبووان بە ڕاگرتنی خوڵەکێک بێدەنگی، داگیرساندنی ٤٠ مۆم و پێشکەشکردنی ٤٠ گوڵ ڕێزیان لە سوورخەڵاتانی ڕێگای ڕزگاری گرت.
نوێنەری چەند هێز و لایەنی سیاسیی کوردستانی، ئێرانی و نۆروێژی بەو بۆنەوە پەیامیان پێشکەش کرد. لە نێویاندا پەیامێکی هاوبەشی حیزب و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن بەڕێز قەندیل خوێندرایەوە، کە دەقی پەیامەکە بە زمانی نۆروێژی لەلایەن خاتوو ئەوین ڕۆستەمییەوە پێشکەش کرا.
لە پەیامەکەدا هاتبوو کە : ئیمە نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی مجاهدینی خەڵکی ئێران و بەلووچەکان، لە بەر دەرگای پارلەمانی نۆروێژ کۆ بووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی دوایین ڕاپەڕینەکان و نوێکردنەوە پەیمان لەگەڵ ئامانج و ڕێبازەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە :" ئێمە جەخت لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنەکانی گەلانی پێکهاتەی ئێران دەکەینەوە. وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی شەهیدان تەنها بە هاودەنگی و هاوکاری وەدی دێت".
دواتر نوێنەری چەند حیزب و ڕێکخراوی ئێرانی و نۆروێژی پەیامیان خوێندەوە کە لە پەیامەکانیاندا پشتیوانیی خۆیان بۆ داخوازیی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان ڕاگەیاند و جەختیان لە گرنگیی هاودەنگیی نێودەوڵەتی بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێراندا کردەوە.
نوینەری ئەو هێز و لایەنانە بریتی بوون لە :
مانی حوسینی، پارلەمانتار لە پارتی کرێکارانی نۆروێژ
محەمەدڕەزا بیدبەیگی، رێکخراوی مجاهدینی خەڵکی ئێران
غەفوور دانشوەر، پەیامی حیزبی خەڵکی بەلووچستان
هالڤۆر ڕۆنینگ بێرگکڤیست، بەرپرسی لاوان لە پارتی سوور
شاخەوان کەریمی، ڕێکخراوی دێموکراتی یارسان
ڕاسموس هانسن، پارلەمانتاری پارتی سەوز
ئێریک سێلە، سەرۆکی پارتی کۆنسێرواتیڤ
لە گۆڕەپانەکەدا، جیا لەوەی کۆمەڵێک پەیکەری سوورخەڵاتان بە شێوەی سەمبولیک و بە ژمارەیەکی بەرچاو لە وێنەی شەهیدانی بەفرانبار ئامادە کرابوو.
لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە و لە بەشی کۆتاییشدا چەند پارچە هەڵبەست، شێعر و سروودی شۆڕشگێری پێشکەش کران.
ئەو خۆپێشاندانەی شاری ئۆسڵۆ، پێشاندەری هاودەنگیی لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە دەرەوەی وڵات، یەکگرتوویەک کە بەشداربووان بە هەنگاوێکی پیرۆزیان وەسف دەکرد هەم بۆ زیندووڕاگرتنی یادی شەهیدان و هەم بۆ یەکدەنگیی ناوماڵی کورد.