کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی زیادبوونی مەترسیی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران

11:40 - 9 رەشەمه 2725

کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە زیادبوونی مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران لە ئێران هۆشداریی دا و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم سزایانەی کرد.

ڤۆلکێر تورک، ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەشەمە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە ژێنێڤی سویس وتی: "بەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن لانیکەم هەشت کەس، لەوانە دوو منداڵ لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، تووشی سەرسووڕمان بووم".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە وادیارە ٣٠ کەسی دیکەش ڕووبەڕووی مەترسیی دەرچوونی سزای هاوشێوە بن.

هاوکات، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە لانیکەم ٣٠ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباره‌وە‌ ڕووبەڕووی مەترسیی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو هەشت کەسەی کە تەنها چەند حەفتەیەک دوای دەستبەسەرکردنیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، چەند گەنجێکی ١٨ و ١٩ ساڵانن.

هەروەها لانیکەم ٢٢ کەسی دیکە، لەوانە دوو مێردمنداڵی ١٧ ساڵان لە پرۆسەی دادگاییکردندان یان چاوەڕێی دادگاییکردن دەکەن.

لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە هەندێک لەم کەسانە ڕووبەڕووی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و چەندین شێوەی دیکەی پێشێلکاریی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، لەوانە بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بوونەتەوە.

ناوەندە مافی مرۆڤییەکان بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس، لە بەکارهێنانی سزای قورس وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هۆشدارییان داوە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان دەکەن.