کانوونی سێنفیی مامۆستایان لە دووتوێی بەیاننامەیەکی تونددا وێڕای مەحکوومکردنی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە سەرانسەری ئێراندا ڕایگەیاند کە زیاتر کە ١٥٠ منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵان و لانیکەم ١٠ مامۆستای قوتابخانە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباردا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژراون.
ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، کانوونی سێنفیی مامۆستایان لە بەیاننامەیەکی توندا نووسیویەتی: "خەڵکی ئێران لە دوای نیو سەدە لە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی بۆ گەڕانەوەی مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤیی خۆیان هاتوونەتە سەرشەقام و لەوبارەوە نووسیویەتی: "دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی تەنیا ڕێگەیەک کە بۆ وتووێژ لەگەڵ خەڵکی ئێران دەناسێت، فیشەک، سەرکوت و مرۆڤکوژییە".
هەروەها کانوونی سێنفیی مامۆستایان لەسەر ئەوە باوەڕەیە کە تەنیا لە حەفتەدا، یەکێک لە خوێناویترین وەرزەکانی سەرکوت لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا تۆمار کرا و دەیان هەزار کەس کوژران و سەدان هەزار کەسیش لە گرتنگەکاندا لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجە دژە مرۆییەکاندا ژیان بەسەر ئەبەن.
کانوونی سێنفیی مامۆستایان ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی سێ داواکاریی خستووەتە ڕوو کە بریتین لە: قەبووڵکردنی بەرپرسیارەتیی کوشتوبڕی خەڵکی ناڕازی لەلایەن دەسەڵاتەوە و کۆتاییهێنان بە پادگانیکردنی ژینگەی پەروەردە و خوێندن، ئازادیی خێرای هەموو دەسبەسەرکراوان بەتایبەت قوتابییان و مامۆستایان بەبێ هیچ مەرج و پێشمەرجێک و داواکاری لە کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی و چالاکانی سێنفی و کرێکاری بۆ نیشاندانی هاوپێوەندییان لەگەڵ خەڵکی ئێران لە بەرانبەر ئەم دڕندەییە ئاشکرایەدا.