کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییان لە کوردستان

12:21 - 14 رێبەندان 2725

ڕۆژانە چەندین هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێن کە چارەنووسیان لە گرتنگەکانی ڕیژیم نادیارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، ‌هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لاوێکی ١٩ ساڵانییان بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

"کارۆ مینبەری" خەڵکی گوندی نییەر و دانیشتووی "حەسەناوا"ی سنەیە کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم پاش هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە، بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەریان کردووە، و هەروەها بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی دەسیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەم هاووڵاتییەدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

جێی ئاماژەپێکردنەوە، لەکاتی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییەدا، هەڕەشەی ئەوەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە جارێکی تر منداڵەکەیان بە چاو نابیننەوە، کە ئەمەش نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.