کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی کۆمەڵێک لە پزیشکانی چاو لە ئێران سەبارەت بە کوێرکردنی خۆپیشاندەران

12:33 - 14 رێبەندان 2725

کۆمەڵێک لە پزیشکانی چاو لە ئێران لە بەیاننامەیەکی سەرئاوەڵادا، سەبارەت بە زیادبوونی کەموێنەی کوێرکردنی هاووڵاتییان لە کاتی سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەمنییەتی و نیزامی کۆماری ئیسلامی، هۆشدارییان دا و داوای وەستاندنی دەستبەجێی بەکارهێنانی چەکی ساچمە‌ییان کرد.

ئەم بەیاننامەیە کە ئاراستەی سەرۆکانی هێزەکانی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکار و بەرپرسانی نیزامی، ئەمنییەتی و دادوەریی ڕێژیمی ئێران کراوە، باس دەکات کە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی سەردانی ناوەندە پزیشکییەکان دەکەن، قوربانیی تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمە‌یی بۆ دەموچاو بوونە کە ئەو هەڵسەکەوتە لە ڕوانگەی پزیشکی و ئەخلاقی ڕەتکراو و زۆر مەترسیدارە.

واژۆکەرانی بەیاننامەکە بە پشتبەستن بە ئەزموونی ڕۆژانەیان لە ڕووبەڕووبوون لەگەڵ قوربانییانی ئەم سەرکوتە، نووسیویانە: "کوێرکردنی مرۆڤ، تەنانەت لە کاتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، ئامرازێکی کۆنترۆڵ نییە، بەڵکوو نموونەی ئاشکرای ستەم، پێشێلکردنی کرامەتی مرۆڤ و کردەوەیەکی تاوانکارانە و نامرۆییە".

ئەوان هۆشدارییان دا کە ئەم سیاسەتە مەبەستدارە، جگە لە زیانە قەرەبوونەبوو جەستەییەکان، کاریگەرییەکی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتیی لەسەر کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵێت.

پزیشکانی چاو لەو بەیاننامەیەدا داوای وەستاندنی دەستبەجێی بەکارهێنانی چەکی ساچمە‌یی، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ڕوون سەبارەت بە حاڵەتەکانی کوێرکردن و وڵامدەرکردنی ئەنجامدەرانی ئەو جینایەتە لە ڕێگەی دادگایەکی دادپەروەرانە کردووە.

ئەو پزیشکانە هەروەها جەختیان لەسەر پێویستیی دروستکردنی سازوکارێکی دیاریکراو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددی و دەروونییەکان و پشتگیریی پزیشکی و توانا‌بەخشینی قوربانییان کردەوە.

پێشتر ڕۆژنامەی "گاردیەن" ڕایگەیاندبوو کە تەنیا لە یەک نەخۆشخانەی تاران، زیاتر لە ٤٠٠ حاڵەتی برینی چاو بەهۆی تەقەی چەک تۆمار کراوە کە ئاستی توندوتیژیی سیستماتیکی بەکارهێنراو لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان دەردەخات.

هەروەها گۆڤاری "تایم"، لەزاری دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستی ئێران و ئاماری بیمارستانەکان ڕایگەیاندبوو کە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژ زیاتر لە ٣٠ هەزار نەفەر لە سەراسەری کوردستان و ئێران کوژراون.

کارناسان ڕایانگەیاندووە کە سەرکوتی خوێناوی بەفرانبار لەلایەن ڕیژیم کۆماری ئیسلامی یەکێک لە خوێناوی‌ترین سەرکوتەکانی مێژووی هاوچەرخ بووە.