لە کاناڵی ئۆفۆقی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەدوور لە ئەخلاق و ئەتەکێتی میدیایی و ڕۆژنامەوانی، پێشکەشکارێکی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بە بێڕێزیکردن بە شەهیدانی دەستی تاوان و ناوەندە سەرکوتکەرەکان هەستی بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی سەرانسەری ئێرانی بریندار کردووە.
لە کاناڵی ئۆفۆقی ڕێژیمدا و بەشێوەی بەرنامەداڕێژراو پێشکەشکارێکی بەکرێگیراوی ڕێژیم گاڵتە بە شەهیدان دەکات و لەژێر ناوی پرسیاردا دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی تەرمی کوژراوان لە کام بەفرگردا ڕادەگرێت".
شایانی باسە خووخدەی دڕندەیی تەنیا تایبەت بە هێزە سەرکوتکەر و ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم نییە و هەموو پێکهاتەی ڕێژیمی لەوانەش دەنگوڕەنگیشی گرتووەتەوە و بەدوور لە ئەتەکێتی ڕۆژنامەوانی ڕۆڵێکی کارایان لە سەرکوت، داژیەتییکردنی مافی مرۆڤ، هاندان بۆ کشتوبڕی زیاتر، بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری، پەرەپێدانی بیرۆکەی ئایینیی توندوتیژانە، پەرەپێدانی ئیدۆلۆژیی چەقەستووی ئایینیی ویلایەتیی فەقیهی موتڵەقە و بێڕێزیکردن بە نەتەوەکانی دیکە گێڕاوە.
جێگای ئاماژەیە کە بەپێی ئایینی ئیسلام کە لە چوارچێوەی ڕێژیمدا زۆر باسی دەکرێت، بێڕێزیکردن بە تەرمی مردوو و شەهید ڕێگەپێنەدراوە.