دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەدوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە کوردستان و ئێران بەردەوامە و چەندین هاووڵاتی لەلایەن هێزە سەکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، لە ماوەی زەمەنیی ١٨ی بەفرانبار تا ١٤ی ڕێبەندان، لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شارە جیاوازاەکانی ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
کوردپا ناسنامەی ئەو هاووڵاتییانەی بەمشێوە ڕاگەیاندووە: "محەممەد زەینیوەند" خەڵکی دەڕەشار، "مهدی کەسایی" خەڵکی ئیلام، "مێعراج شێرخانی" خەڵکی ئیلام، "بێهزاد وەلیبەیگی"، "بێهروز وەلیبەیگی" و "محەممەدحوسێن برالەک" خەڵکی لۆمار، "فەرزاد مورادی" خەڵکی ئاوایی "ئەنجیرە"ی ئاودانان، "محەممەدئەمین سەفەری" خەڵکی ئاودانان، "فەرشاد ئایینی"خەڵکی دێهلۆران، "حەمید لارتی" خەڵکی ئیلام، "سۆهراب عەلیدووستی" خەڵکی کارزان، "حامید نەزەریان" خەڵکی ئیلام و "نیما کورخی" خەڵکی ئیلام.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە و کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژی و بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییانەیان دەسەبەسەر و پاشان بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.
کوردپا جەختی کردووەتەوە کە لەدوای دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شووێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەست نییە.
لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو هاووڵاتییانە لەژێر گوشاری زۆری ئەمنییەتی، لێکۆڵینەوەی قورس و ئەگەری وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدان.