کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مانگی ژانویەی کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

12:21 - 12 رێبەندان 2725

مانگی ژانویەی ٢٠٢٦ بۆ نەتەوەی کورد و خەڵکی ئێران و ژنانی کورد و ئازادیخوازان، مانگێکی پڕ لە سەرکوت و توندوتیژیی سیستماتیک بوو.

ئەم ماوەیە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران، کە خەڵک داوای مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان کرد.

بەڵام دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، وەک وڵامێک بۆ ئەم داخوازییە مەدەنییانە، پەنای بۆ سەرکوتی ئەمنی، دەسبەسەرکردنی بەربڵاو، بەکارهێنانی هێزی کوشندە و پچڕانی سیستماتیکی ئینتێرنێت برد، بۆ بێدەنگکردنی دەنگی خەڵک و شاردنەوەی ڕاستییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتی ژنان بەهۆی شەپۆلێکی بەربڵاوی دەسبەسەرکردن لە شارە جیاجیاکانی کوردستان ٣٤ ژن لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

زۆربەی ئەم دەسبەسەرکردنانە: بەبێ بڕیاری دادگا و بەبێ بەڵگەی یاسایی و تەنیا بۆ تۆقاندن و دروستکردنی کەشی ترس ئەنجام دراون، کە پێشێلکردنی ڕوونی مافی ئازادی و ئاسایش و دادگاکردنیی دادپەروەرانەیە.

ئاماری دەسبەسەرکران بەپێی شارەکان بەم شێوەیە:

ئیلام: ٧ حاڵەت

سنە: ٤ حاڵەت

 کرماشان: ٤ حاڵەت

سونقور و کولیایی: ٦ حاڵەت

کەنگاوەر: ٣ حاڵەت

داڵاهۆ: ٢ حاڵەت

شارەکانی دیکەی وەکوو کەرەج، گیەڵان، شنۆ، ورمێ، شیروان، ئیزە: هەرکامەیان ١ حاڵەت، کە کۆی گشتیان دەکاتە ٦ حاڵەت.

کوژران و گیانلەدەستدان (کوشتنی حکوومەتی)

لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٦دا، ٢٠ ژنی کورد بوونەتە قوربانیی کوشتنی حکوومەتی.

ئەو کوژرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان یان بەهۆی کەمتەرخەمی و نەگەیشتنی چارەسەری پزیشکی لە شارەکانی تاران، کرماشان، سەرپێڵ، جوانڕۆ، خوراسانی، ئەلبورز، ئێسفەهان، قەزوین و… ڕوویان داوە.

ئەم جۆرە کوژرانە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان، یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و بنەماکانی پاراستنی هاوڵاتییان دادەنرێن.

لە ناو قوربانیاندا منداڵانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ، خوێندکاران، پەرستاران، دایکانی بنەماڵە دیارن، کە ئەمە نیشانەی نەبوونی جیاوازی سەرکوتە.

ئاماری کوژراوان (کوشتنی حکوومەتی) بەم شێوەیە:

۱. ڕۆبینا ئەمینییان تەمەن ۲٤ساڵ و خەڵکی نۆدشە خوێندکار لە تاران

۲. گوڵاڵە مەحموودی ئازەر خەڵکی مەهاباد خوێندکار لە تاران

۳. زارا مورادی خەڵکی شاری بۆکان

٤. مێلینا ئەسەدی تەمەن ۷ساڵ

٥. ئێلهام زەینەلی خەڵکی کرماشان

٦. تەیبە ڕەزایی خەڵکی کرماشان

۷. موهەنا دوشکانی تەمەن ۱٨ساڵ خەڵکی کرماشان

٨. نازەنین زەهرا ساڵحی منداڵی تەمەن ۱۳ساڵ و خەڵکی کرماشان 

۹. پەروین عەزیزی تەمەن ٥٦ ساڵ خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لە تاران

۱۰. مێلیکا دەستیاب تەمەن ۲۱ساڵ خەڵکی کرێند (داڵاهوو) سەر بەپارێزگای کرماشان

۱۱. مەهسا دزفولیان پزشکی ددانی خەڵکی کرماشان لە تاران

۱۲. شەهلا کاکایی خەڵکی شاری جوانرۆ

۱۳. لەیلا شوکری تەمەن ٤۳ساڵ خەڵکی هەمەدان و دایک سێ منداڵ لە قەرچک

۱٤.ڕزوان عەبدی تەمەن ۲٤ساڵ خەلکی تازئاوای دیواندەرە لە تاران

۱٥. فاتمە سوڵتانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئیسفەراین سەر بە پارێزگای خوراسان

۱٦. ئەسرا تاووسی نیا خەڵکی ئاوای داشتی بوڵاخ سەر بە شاری سونقور بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کرماشان بریندار دەبێ دوای چەن حەوتوو بە برینداربوویی دەبرێتە نەخۆشخانە و لەوی بەهۆی پێ ڕانەگیشتنی پزشکی دوای سێ ڕۆژ گیانی لەدەست دەدات

۱۷. شیلان ساڵحی خوێندکاری خەڵکی شاری بانە لە تاران

۱٨. پەروین عەزیزی تەمەن ٥۱ساڵ و پەرستاری خەڵکی قەسری شیرین لە ئەلبورز

۱۹. سەنا تووسەنگی خوێندکاری تەمەن ۱۲ساڵ و کوردی یارسان لە شاری هەشتگرد

۲۰. نازەنین زارا ئێسمیخانی، کورد وخەڵکی شاری قەزوین

نموونەیەکی دیار کوشتنی ‌حکومەتی

ئەسرا تاووسی‌نیا بوو کە دوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بە شێوەیەکی ئەنقەستی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەم کردارە دەتوانرێت وەک کوشتنی ناراستەوخۆ و مامەڵەی نامرۆڤانە پۆلێن بکرێت.

هەروەها هەر وەک لە ئامارەکەماندا هاتووە منداڵانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ

وەک مێلینا ئەسەدی (٧ ساڵ)

نازەنین زارا ساڵحی (١٣ ساڵ)

و سەنا تووسەنگی (١٢ ساڵ)

بوونەتە قوربانی کوشتنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ڕاستای ڕادەستکردنی تەرمی قوربانیان، داوای پارەی زۆری لە بنەماڵەکان کردووە و ڕێگرییان لە بەڕێوەبردنی پرسە و ڕێوڕەسمەکانیان کردووە؛ ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای کەرامت و مافی بنەماڵەکانە.

برینداربوون و بێبەشکردن لە مافی چارەسەری پزیشکی

بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنان، لە مانگی جەنیوەری ٢٠٢٦دا لانیکەم ٣ ژن لە شارەکانی کرماشان و ئیلام بریندار بوون.

بەڵام بەهۆی پچڕانی سیستەماتیکی ئینتەرنێت، بارودۆخی ئەمنییەتی توند، گوشار و هەڕەشە لەسەر بریندارەکان و بنەماڵەکانیان، هەروەها ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی هەندێکیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئامار و وردەکارییەکانیان تا ئێستا بە تەواوی بەردەست نییە.

هەروەها بەڵگە و زانیارییەکان دەردەخەن کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا، هێزەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەربڵاو کەڵکیان لە چەکی گەرم و چەکی جەنگی، بە تایبەتی کڵاشینکۆف و چەکی ساچمەی وەرگرتووە؛ ئەمەش وایکردووە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی برینداربووان زۆر زیاتربێت لەو ئامارانەی کە تۆمارکراون.

لە نموونەیەکی دیاردا، فایزە ڕەشیدی، خەڵکی شاری بەدرە، دوای برینداربوون دەستبەسەر کراوە و بە شێوەیەکی ئەنقەستی لە دەستراگەیشتن بە دەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە. ئەم کردارە بە پێی یاسا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەتوانرێت وەک مامەڵەی نامرۆڤانە و سزادانی بێدادگایی پۆلێن بکرێت و پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مافی ژیان و تەندروستییە.

هێرش بۆ سەر ناوەندە پزیشکییەکان

لە مانگی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی برینداران، چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکان، ناوەندە پزیشکییەکانیان میلیتاریزە کردووە و هەڕەشەیان  لە پزیشکان و کادری دەرمانی کردووە.

ئەم کردارانە بوونەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە هاوڵاتییانی بریندار لە ترسی دەسبەسەرکردن، خۆیان لە چوون بۆ نەخۆشخانەکان بپارێزن؛ ئەمەش ڕاستەوخۆ ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە.

خۆکوژی

لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٦دا تەنیا ١ حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کراوە.

هێرۆ شەریفی، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی شاری تیکاب، بەهۆی گوشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و بێ‌هیوایی لە داهاتوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

زیادبوونی خۆکوژی لەنێوان ژنان و مێرمنداڵان لە کوردستان، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی قەیرانی ژیان، هەژاری، هەڵاوارادنی سیستەماتیک و گوشارە دەروونییەکانە کە لەسەر کۆمەڵگا هەیە، و دەتوانرێت وەک ئەنجامی ناراستەوخۆی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی کۆماری ئیسلامی لێک بدرێتەوە.

ئاماری گشتیی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان، تا ٢٤مین ڕۆژی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان، ئامارەکان بەم شێوەیەن:

٥٩٩٣ کەس کوژراون (لەوانە ١١٣ منداڵی خوار ١٨ ساڵ)

  ٤٢٤٨٦ کەس دەستبەسەر کراون (لەوانە ٣٢٦ منداڵ)

  ١١٠١٨ کەس بریندار بوون بە برینی قووڵ و مەترسیدار

هەروەها لە ماوەی ٢٤ ڕۆژدا، لە ٣١ پارێزگا و ٢٠٢ شار، لانیکەم ٦٥٨ کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بەڕێوەچووە.

ئامارەکان پیشاندەری ئاستی بەرزی بەکارهێنانی توندوتیژیی ‌‌حکومەتی، چەکی مرگبار و سەرکوتی گشتی دژ بە هاوڵاتیانە.

پچڕانی ئینتەرنێت و سەرکوتی دیجیتاڵی

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنان ڕایدەگەیەنێت کە پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، بەشێک بووە لە پلانی داڕێژراوی دەوڵەت بۆ سەرکوت، بێدەنگکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان.

بۆیە، ئەم ئامارانە تەنیا ئەو حاڵەتانەن کە تا ئێستا توانراون پشتڕاست بکرێنەوە، و بە گومانەوە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان زۆر زیاترن.

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە توندی ئەم تاوانانە مەحکوم دەکات و داوا ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان ، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگای جیهانی دەکات کە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ڕوون ئەنجام بدەن کوشتن و دەستبەسەرکردنی بێ بەڵگە و سەپاندنی سزای بێ دادگایی کردن بوەستێنن و مافی ژنان و هاوڵاتیان بپارێزن

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژانویەی ٢٠٢٦