کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاراستەی شەڕ بەرەو ڕووخانی ڕێژیم یان قەیرانی نێوخۆیی

15:02 - 15 رەشەمه 2725

دیلان هەردی

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە. وڵاتانی دیکەش بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەچنە نێو شەڕەکەوە. ئەگەرچی دەستپێکردنی شەڕەکە بە مەبەستی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران نەبوو، بەڵام ڕەوتی شەڕەکە بە ئاراستەیەکدا ڕۆیشت کە ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فەرمی باس لە گۆڕینی ڕێژیم دەکەن.

پلانی یەکەمی ئەمریکا ئەوە بوو کە بە کوشتنی خامنەیی، ڕێگە بۆ ڕەوتێکی میانڕەو و نەتەوەیی خۆش بکات هەتا دەسەڵات بگرنە دەست و لەگەڵ ئەمریکا بکەونە مامەڵە، بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بڕەوێننەوە و وەکوو وڵاتێکی ئاسایی مامەڵە بکەن. ئەوان پێیان وابوو تەنیا خامنەیی بەربەستە، بەڵام ئەو پلانە هەر لە سەرەتاوە سەری نەگرت؛ لەبەر ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی ئایدۆلۆژیکە و هەر لایەنێک دەسەڵات بگرێتە دەست، ناچارە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیی ئەو ڕێژیمەدا هەڵسوکەوت بکات. کوشتنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی دەبێتە هۆی لاوازی و شپرزەیی، بەڵام دەتوانرێت جێگەی پڕ بکرێتەوە. واتە ئەوە ڕێبەر نییە کە لەو سیستەمەدا گرنگە، بەڵکوو دەزگای ڕێبەرایەتییە وەکوو گرنگترین ناوەندی ئایدۆلۆژی و بڕیار بەدەست کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە توندترین شێوە دەپارێزرێت.

پلانی دووەم کە سەرنجی لەسەر گۆڕینی ڕێژیمە، ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە دەکێشێتە نێو شەڕەکەوە، لەبەر ئەوەی هەموویان بە جۆرێک گرێدراوی ئەو بارودۆخەن. ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران مەبەستییەتی، شەڕی ئابوورییە؛ واتە کێشە دروستکردن بۆ ئابووریی جیهان لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی شادەمارە ئابوورییەکانی وەک گەرووی هورمز و وڵاتانی کەنداو لە لایەک، و لە لایەکی دیکەشەوە زیادکردنی تێچووی شەڕ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەوەش لە ڕێگەی سەرقاڵکردنی سیستەمە دژەمووشەکییەکان لە تەواوی ناوچەکە بە ناردنی درۆنی هەرزان کە ئەو سیستەمانە ناچار بکات چەندین ڕۆکێتی ملیۆن دۆلاری تێبگرن.

ئەگەر تاکتیکی شەڕی ئابووریی کۆماری ئیسلامی درێژە بکێشێت، لەوانەیە گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام ئەستەمە ناچار بە پاشەکشە بن؛ چونکە ئەوە دەبێتە ئابڕووچوونێکی گەورە بۆ هەردوو وڵات، بەتایبەت ئەوەی کە دۆناڵد ترامپ ناتوانێت تەحەمولی شکست بکات و لەو لاشەوە ئێران کەڕەنای سەرکەوتن بەسەر ناوچەکەدا لێ بدات. بۆیە لە وەها بارودۆخێکدا، ئەگەری ئەوە هەیە هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی ئەمریکا بێنە مەیدان؛ نەک تەنیا لەبەر ئەمریکا، بەڵکوو لەبەر ئۆکراینش. چونکە درێژەکێشانی شەڕ دەبێتە هۆی کورتهێنانی سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا لە ئۆکراین و تەنانەت لە ئوورووپاش. هەر ئەوەشە وای کردووە کە ڕووسیا تەنیا چاودێر بێت تا شەڕ درێژە بکێشێت و ئۆکراین تووشی کەمیی مووشەکی بەرگری بێت.

کورتهێنانی جبەخانەی ئەمریکا بەتایبەت لە بواری بەرگریی ئاسمانییەوە، بۆ وڵاتانی ئورووپایی وەکوو مەترسی سەیر دەکرێت. هەموو ئەو هۆکارانە وا دەکەن کە ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەش ناچار بن گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران خێراتر بکەن. وەک بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەی پێ دەکەن، هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێرانیان لەنێو بردووە، بەڵام بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم، پێویستە هێزی زەوینیی ئێرانیش تووشی کێشە بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش ئەگەر شەڕ درێژە بکێشێت، ناچارن کەڵک لە زەویش وەربگرن؛ چ ڕاستەوخۆ بە هێزی زەوینی، چ ناڕاستەوخۆ بە هاوکاریی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژی ئێران بەتایبەت کورد.

بەڵام ئەوەش گەرەنتیی سەد لە سەدی گۆڕینی ڕێژیم نییە. لە ئەگەری نەڕووخانی ڕێژیمی ئێراندا، پلانی سێیەمی ئەمریکا لەوانەیە ئەوە بێت کە هەندێک ناوچە، بەتایبەت کوردستان لە ئێران داببڕێت تا هاوسەنگیی هێز دروست بکات. لێدانی بنکە و بارەگاکانی هێزی زەوینیی ئێران بە شێوەیەکی چڕ لە کوردستان، لەو چوارچێوەیەدایە. واتە ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەرگری بکات و نەڕووخێت، دەبێت لە کوردستان بڕووخێت.

لەو هاوکێشەیەدا، وڵاتی چین تەنیا سەرنجی لەسەر لایەنی ئابووریی شەڕەکەیە. ئەوەی بۆ چین گرنگە ئەوەیە کە ڕێڕەوی سووتەمەنی و بازرگانی دانەخرێت. بۆ وڵاتی چین ئاسایشی گەرووی هورمز لە مانەوەی ڕێژیمی ئێران گرنگترە. بەستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، لە پێشدا زەبرلێدانە لە چین. لەوانەیە چین لە هەندێک بواردا یارمەتیی ئێران بدات، بەڵام ئەوە نییە کە ئێران لە بن دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل دەربێنێت. بۆ چینییەکان، دەورانی ئیدارەی ترامپ لە سێ ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێ دێت و لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا دەکرێتەوە، بۆیە خۆیان ناخەنە ناو بازنەی دوژمنایەتیی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا.

بەگشتی، ڕەوتی شەڕ هەمیشە ناڕوونە و لەوانەیە هەموو پێشبینییەکان پووچەڵ بکاتەوە، بەڵام ئێران لەو شەڕەدا دۆڕاوی یەکەمە؛ چونکە هاوکات جگە لە قەیرانی ئابووری و سەربازی، تووشی قەیرانی سیاسی و ڕەوایی نێوخۆییش بووە. ئەوەی بە زەقی دەبینرێت، قەیرانی ڕێبەرایەتییە کە دوای کوژرانی خامنەیی تووشی بووە. باڵە جیاوازەکانی ڕێژیم لە ململانێدان بۆ دیاریکردنی کەسێک وەک ڕێبەر کە سەرنجەکە زیاتر لەسەر کوڕی خامنەییە. بەڵام هەر کەس ببێتە ڕێبەر، جێگە و پێگەی خامنەیی لەنێو ڕێژیم ناگرێتەوە و وەک ئەو گوێی لێ ناگیرێت. پێدەچێت لە داهاتوودا شایەتی زەقبوونەوەی هەندێک کێشەی نێوخۆیی لەنێو ڕێژیمدا بین کە خۆی لە یەکتر تۆمەتبارکردن بە هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەبینێتەوە. تۆمەتی هاوکاریکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەمەودوا کارتی بەشەیتانیکردنی لایەنەکانی نێوخۆی ڕێژیم دەبێت بۆ ڕەواییدان بە دژایەتیی نێوخۆیی.