کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کاک مستەفا هیجری بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان

10:25 - 17 رەشەمه 2725

فەلسەفەی ٨ی مارس ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئازادی بەبێ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان مەحاڵە. مێژووی خەبات بۆ یەکسانی و ئازادی دەیسەلمێنێت؛ هەر گۆڕانکارییەک ژنانی تێدا بەشدار نەبن، سەرەنجامەکەی دەبێتەوە بە ستەمکاری و پێشێلکردنی مافە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان. لێرەوەیە کە یەکسانیخوازی دەبێتە مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە دیموکراسی و ڕزگارییەکی نەتەوەیی لە داهاتوودا.

ئەمڕۆ لە کوردستان و ئێران، خەباتی ژنان چەقی ئەو وەرچەرخانە مێژووییەیە کە بنەماکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی هەژاندووە. پێویستە ئەم وشیارییە سیاسییە، وەک سەرمایەیەکی گەورە، بکرێتە هێزێکی ڕێکخراو و هەوێنی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی، تا کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی دیموکراتیک ئاراستە بکات. بوونی وشیاریی بەکۆمەڵ و ئەزموونی تێکۆشان و خەباتی ژنانی پێشەنگی کوردستان، ئاسۆیەکی گەش بۆ داهاتووی نەتەوەکەمان وێنا دەکات.

وێڕای پیرۆزبایی ئەم بۆنە جیهانییە لە هەموو ژنانی کوردستان و ئێران، پاڵپشتیی خۆمان بۆ مافەکانی ژنان و ڕەخساندنی دەرفەت و ژینگەیەکی لەبار بۆ یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دووپات دەکەینەوە.

مستەفا هیجری

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی

٨ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی