کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس

10:39 - 17 رەشەمه 2725

تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی!

ژنانی وشیار و پێشەنگی کوردستان!

​ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ٨ی مارس بەرز ڕادەگرین، کە ڕێژیمی دژەژن و ستەمکاری کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامی سیاسەتە چەوتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانیدا، ئێران و ناوچەکەی بەرەو شەڕێکی ماڵوێرانکەر پەلکێش کردووە کە بێگومان ئەنجامەکەی بە نەمانی خۆی تەواو دەبێت. مێژووی خەبات و تێکۆشانی ژنان، لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٨٥٧ی نیویۆرکەوە تا بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی شوومی "حیجابی زۆرەملێ" و پێشەنگایەتیی ژنان لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، هەڵگری ئەو ڕاستییەیە کە هیچ هێزێکی خۆسەپێن ناتوانێت ڕێ لە ئیرادەی ژنان بۆ ڕزگاری و مافەکانیان بگرێت.

​٨ی مارس بۆنەیەکە بۆ بەرزنرخاندنی دەستکەوتەکان و هاوکات وەبیرهێنەرەوەی ئەو ستەم و هەڵاواردنە سیستماتیکەیە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بووەتە دۆخێکی بەردەوام. بێگومان بزووتنەوەی مافخوازیی ژنان، بەتایبەت لە کوردستان، ئاودیوی قۆناغێکی نوێ بووە؛ ئێستا ئەم بزووتنەوەیە خاوەن سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیی بەنرخە کە وەک توێژێکی یەکلاکەرەوەی سیاسی، دژ بە عەقڵییەتی دژەژنی ئەم ڕێژیمە دەوەستێتەوە و بزووتنەوەی "ژینا"شی لە کارنامەی خۆیدا هەیە. ئەم مەیداندارییە تەنیا دروشم نییە، بەڵکوو تێکشکاندنی کردەیی ئەو سیستمە سەرکوتکەرەیە کە ٤٧ ساڵە مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی زەوت و پێشێل کردووە.

​حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستان و بە دەستی پێشەوا قازی محەممەد، بەردی بناغەی خەباتی ڕێکخراوەیی ژنانی لەژێر ئاڵای "یەکیەتیی ژنان"دا دانا، ڕزگاریی نیشتمان، مافی نەتەوەیی و ئازادیی ژنانی بە یەک ستراتیژی لێکگرێدراو زانیوە. لە بەرنامەی حیزبی ئێمەدا، مافی یەکسانیی ژن و پیاو ئەسڵێکی بنەڕەتی و نەگۆڕە و وەک پڕەنسیپێکی دێموکراتیک و جیهانی باوەڕی پێیەتی.

​لێرەوە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کوردستان، بەتایبەت ژنانی وشیار و ئازادیخواز دەکەین؛ با لەم قۆناغە هەستیارەدا کە ڕێژیم دەیەوێت بە  شەڕەنگێزی ململانێیەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکان بگوازێتەوە، بە ڕێکخستنی مەدەنی و بەهێزکردنی ناوەندەکانی خەباتی سیاسی لە ناوخۆدا، خۆتان بۆ گۆڕانکاریی قووڵ ئامادە بکەن. پێشمان وایە لە کوردستان، ئەرکی هەموو تاکێکی یەکسانیخوازە کە خەبات بۆ مافەکانی ژنان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی نەتەوەیی و دژ بە ستەمکاری ببینێت و بەشدارییەکی چالاکانە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەم ڕێژیمەدا بکات.

​دەستەی کارگێڕیی حیزب وێڕای پیرۆزبایی ٨ی مارس، جەخت دەکاتەوە کە تا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مابێت، بەهاکانی "ژن"، "ژیان" ، "ئازادی" نایەنە دی. با ٨ی مارس ببێتە هەوێنێ یەکگرتوویی هەموو ئازادیخوازان بۆ کۆتاییهێنان بەم ڕێژیمە دژەژن و  چەوسێنەرە.

​سەرکەوێت خەباتی ڕەوای ژنان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ی مارسی ٢٠٢٦