کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌ڕێوه‌چوونی سمینارێکی گه‌وره له سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له پارلەمانی نۆروێژ

13:48 - 17 رەشەمه 2725

ڕۆژی هەینی ١٥ ڕەشەمە، لەسەر داوای کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کوردی لە نۆروێژ و بە هاوکاریی چەند ڕێکخراوەیەکی مەدەنی، سمینارێکی گرینگ لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو تەلاری پارلەمانی نۆروێژ بەڕێوەچوو.

ئەم سمینارە لەلایەن حیزبی کرێکارانی نۆروێژ و بە سەرپەرشتی مانی حوسێنی، ئەندام پارلەمانی ئەو وڵاتە، ڕێک خرابوو کە تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگیی پرسی کورد لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێراندا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، مانی حوسێنی باسی لە هەستیاریی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵات کرد و پاشان یاداشتنامەیەک لەلایەن گەنجانی وەک سازگار ئەمینی، سیروان قادرزادە و بەرهەم ئازادی پێشکەش کرا کە تێیدا جەخت لەوە کرایەوە کە ئێران کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوەیە و دەبێت سیستمی داهاتوو لەسەر بنەمای لامەرکەزییەت و دابەشکردنی دەسەڵات بێت، هاوشێوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆی سەقامگیری.

لە بەشێکی تری سمینارەکەدا، ئۆسموند گرۆڤێر ئۆکرۆست، وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی نۆروێژ، ڕوانگەی دەوڵەت و حیزبی کرێکارانی خستە ڕوو و پشتیوانیی خۆی بۆ مافە دێموکراسی و سێکۆلارییەکان دەربڕی.

داواکارییە سەرەکییەکانی سمینارەکە بۆ دەوڵەتی نۆروێژ بریتی بوون لە پەرەپێدانی بنەماکانی فیدراڵیزم لە وتووێژە دیپلۆماسییەکاندا، پاراستنی مافی کەمینەکان لە ڕووی زمان و کولتوورەوە، و بەهێزکردنی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.