ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، میدیا پیرۆتی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس، لە تالاری پارلەمانی فیدراڵ لە شاری بێرن، لەگەڵ "مارک یۆست" ئەندامی پەرلەمان لە لیستی حیزبی (EVP) کۆبووەوە.
لەم دیدارەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران و دۆخی نالەباری گەلی کورد و نەتەوەکانی تر گفتوگۆی لەسەر کرا.
مارک یۆست لەو چاوپێکەوتنەکەدا، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ خەباتی ڕەوای گەلی کورد، جەختی لە پێویستیی پاراستنی مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران کردەوە. ناوبراو ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراقی وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ داهاتووی ناوچەکە ناوبرد کە دەکرێت وەک مۆدێلێکی دێموکراتیک بۆ پێکەوەژیان و دابینکردنی سەقامگیری سوودی لێ وەربگیرێت.
هەروەها نوێنەری حیزبی دێموکرات تیشکی خستە سەر مەترسیی هێرشە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی گیانی مەدەنییەکاندا جێبەجێ بکات.
لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا باسیان لە گرنگیی ئەگەری سەپاندنی "ناوچەی دژەفڕین" (No-Fly Zone) بەسەر ئاسمانی کوردستاندا کرد، وەک ڕێکارێکی کاریگەر بۆ ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و پاراستنی خەڵکی سڤیل لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەکی سەربازیی ڕێژیمدا.