کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات و سەرۆکی پارتی گەلی سویس (SVP) لە هۆرگن

19:31 - 18 رەشەمه 2725

لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی و لە یادی ڕۆژی جیهانیی ژناندا، دیدارێکی سیاسی لە نێوان میدیا پیرۆتی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس و داڤید وۆلف، سەرۆکی پارتی گەلی سویس (SVP) لە ناوچەی هۆرگن بەڕێوەچوو.

 دیدارەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی ئێران و پرسی کورد ڕێک خرابوو.

لەو دیدارەدا میدیا پیرۆتی تیشکی خستە سەر ئەو گوشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەخرێنە سەر گەلی کورد. ئاماژەی بەوە کرد کە کوردەکان لە چوارچێوەی سیستمێکی دێموکرات و فیدراڵ دا داوای مافە کولتووری و سیاسییە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کرا کە سویس دەتوانێت وەک ناوەندێکی جیهانی بۆ دیالۆگ، ڕۆڵی هەبێت لە گەیاندنی دەنگی گەلە چەوساوەکان و دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی

نوێنەری حیزبی دێموکرات  وتی کە پرسی کورد نابێت تەنیا وەک بابەتێکی لایەنە چەپەکان سەیر بکرێت، بەڵکوو پاراستنی ئەمنییەت، دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ئەرکی هەموو ئەکتەرە سیاسییەکانە، لەوانەش حیزبە ڕاستڕەو و بورژواکان.

داڤید وۆلف، سەرۆکی SVP لە هۆرگن، پشتیوانی خۆی بۆ بیرۆکەی سیستمی فیدڕاڵی لە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی دەربڕی و وەک گونجاوترین ڕێگەچارە بۆ دابینکردنی مافی گەلان لە قەڵەمی دا. هەروەها بەڵێنی دا کە پرسی کورد و دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ناو بازنە سیاسییەکانی حیزبەکەیدا بخاتە بەرباس.