کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڤییەن یادی ڕۆژی جیهانیی ژنان بەرز ڕاگیرا

10:03 - 19 رەشەمه 2725

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوتریش لە شاری ڤییەن ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمێکی شکۆداری بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان بەڕێوە برد.

سەرەتای یادەکە بە بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن بەهار ئازادمێهر و خوێندنەوەی سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد. پاشان خاتوو مونیرە نیگەهدار پەیامی فەرمیی کۆمیتەی حیزبی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا سروەت دارایی پەیامی یەکیەتیی ژنانی بە زمانی کوردی خوێندەوە و باسی لە خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان کرد. هەروەها دوکتور سدیق زەرزا بابەتێکی لەسەر پرسی یەکسانیی ژن و پیاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێراندا پێشکەش کرد.

دواتر محەممەد فەقێ عەلی چیرۆکێکی سۆزداری خوێندەوە و حوسەین خاڵخاڵیش تیشکی خستە سەر قارەمانیەتیی ژنان لە نێو شۆڕش و پشتیوانییان بۆ پێشمەرگە.

پاشان پەیامی ڕێکخراوی ژینا بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە و ئیلهام فەتاحیش باسێکی لەسەر مێژووی هەشتی مارس و دۆخی ئێستای ژنانی ڕۆژهەڵات کرد.

کۆتایی یادەکە بە چەند تابلۆیەکی خاتوو مونیرە نیگەهدار ڕازابووەوە. لەلایەن ڕێکخراوی ژیناوە سێوی مێخەکڕێژ پێشکەش بە میوانان کرا و لەلایەن کۆمیتەی حیزبیشەوە کارتی سپاسنامە پێشکەش بە ژنان کرا.

 لە کۆتاییشدا بە پێشکەشکردنی چەند پارچە مۆسیقایەک کۆتایی بە بەرنامەکە هات.