کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە واشنگتۆن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ وتەبێژی حیزبی دێموکرات ڕێک خرا

11:30 - 19 رەشەمه 2725

لە بینای نیشتمانیی ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێکخرا.

 لەم کۆنگرەیەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیاکاران و دیپلۆماتکاران ئامادە بوون و تیشک خرایە سەر دوایین ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ستراتیژیی کورد لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکاندا.

 

سەرەتای کۆنگرەکە بە بەخێرهاتنی پارێزەر سەمیرا قادری دەستی پێ کرد و دواتر کاک خالید عەزیزی لە وتارێکدا بە وردی تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ئێران و کوردستان و ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادان.

هەروەها دوورەدیمەنی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند: "گەلی کورد بە شێوەیەکی شوێندانەر و کاریگەر بەدوای ڕێگەچارەی سیاسی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆیەتی."

جێگەی ئاماژەیە کە ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە تەنیا لەلایەن میدیاکانەوە گرنگیی پێ نەدرابوو، بەڵکوو کۆمەڵێک کەسایەتیی کاریگەر تێیدا بەشدار بوون، لەوانە: "ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی، لێکۆڵەران و دیپلۆماتکاران، نوێنەری ڕێکخراوە سیاسی و دێموکراتیکەکان و ئەندامانی ستافی کۆنگرێسی ئەمریکا."

دواتر ئامادەبووان تێبینی و وتارەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکراتیان بە "ورد و کاریگەر" هەڵسەنگاند.

هەروەها لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، کاک خالید عەزیزی لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسی و دیپڵۆماتیک ئاڵوگۆڕی بیروڕای کرد.

وتەبێژی حیزب جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی حیزبی دێموکرات جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران و دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە حیزبی دێموکرات هەمیشە ئامادەی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە بڕوایان بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ هەیە.

 

لە کۆتاییی بەرنامەکەدا، خالید عەزیزی وەڵامی پرسیاری ڕاگەیاندنە کوردستانی، ئێرانی، عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانی دایەوە و تیشکی خستە سەر بەردەوامیی خەباتی گەلی کورد لەپێناو ئازادییدا.