ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمە، شاندێکی کۆنگرەی هاوبەشی کۆماریخوازە دێموکراتەکان و فیدراڵیخوازە دێموکراتەکان کە لە چەندین ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی پێک هاتووە، بە شێوەی ئانلاین لەگەڵ ماکس لوکس، نوێنەری پارتی سەوزەکان لە پارلەمانی ئاڵمان کۆ بوونەوە.
لەم دیدارەدا مستەفا قازیزادە، بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی ئاڵمان، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات و وەک دەنگی هاوپەیمانی هێزە کوردستانییەکان بەشداری کرد و تێیدا نوێنەری پژاکیش ئامادە بوو.
قازیزادە لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە کوردستان هەمیشە سەنگەری پێشەوەی ڕاوەستان بووە دژی کۆماری ئیسلامی و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەرچاوی کورد لە شۆڕشی ژینا و مانگرتنە گشتییەکانی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢ و ٢٠٢٥.
هەروەها قازیزادە باسی لە بارودۆخی ئێستای کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە بەهۆی کردنە ئامانجی شوێنە چەکدارییەکانی ڕێژیم، ڕێژیمی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە هێرشی دڕۆنی کردووەتە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لایەنە بەشداربووەکان جەختیان کردەوە کە ئێرانی داهاتوو دەبێت سیستمێکی دێموکرات، فرەدەنگ و لامەرکەزی بێت کە مافی نەتەوەکان، ژنان و کەمینەکان بپارێزێت.
هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە نابێ هیچ کەسێک وەک ڕێبەری تاقانە بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنرێت. لە کۆتاییدا ماکس لوکس بەڵێنی دا کە لەسەر بەدواداچوونی پرسی ئێران و کوردستان بەردەوام بێت و ئەم جۆرە دانیشتنانە لە داهاتووشدا درێژەیان هەبێت.