کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە پێکهاتنی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
کوردستانییانی خۆڕاگر!
وەک ئاگادارن چاوەڕوانی و ویستی ئێوە بۆ یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە ئەنجام. کۆمەڵگەی کوردستان، ساڵانێکە چاوەڕوان بوو کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکگرتووانە لەپێناو سەرخستنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان یەکگرتوو بن. لەمێژساڵە، ئەم ویستە لای حیزبی دێمۆکرات وەک بەرپرسیاریەتییەک کاری بۆ کراوە. هەر بۆیە، دەسپێشخەریی بۆ لێکنزیککردنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئەرکی بەرایی خۆی زانیوە.
هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٢٨ی فێورییەی ٢٠٢٦ی زایینی و کوژرانی خامنەیی بەهۆی ئەو هێرشانەوە و لە ئاکامدا لەرزۆکبوونی زیاتری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەموو دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە پێکهێنانی ئەم یەکگرتووییە هەنگاوێکی چەند بەجێ و لە کاتی خۆیدا بوو.
ئێستا پێنج حیزبی سیاسی لەژێر ناوی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران»، دەستی بە کارەکانی کردووە. هاوپەیمانییەک کە تا کاتی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک، لە پێناو یەکانگیری و هاوچارەنووسیی کۆمەڵگەی کوردستان، خەبات دەکات.
هێزەکانی نێو ئەم هاوپەیمانییە بریتین لە:
١- پارتی ئازادیی کوردستان
٢- پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان
٣- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٤- سازمانی خەبات
٥- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
بۆ ئێمە زۆر گرینگ بوو کە دوو حیزبەکەی دیکەی ئەندام لە ناوەندی دیالۆگ لەم هاوپەیمانییە بەشدار بن. بەڵام بە مەسئوولییەتەوە پێتان دەڵێم کە لەو بارەوە هەوڵێکی زۆرمان دا، تەنانەت کاتی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکەمان دواخست، بەڵام بەداخەوە بە هەندێک هۆ ئامادە نەبوون لەم هاوپەیمانییەدا بەشدار بن.
ڕاگەیاندنی ئەو هاوپەیمانییە ئەرک و هەنگاوێکی پێویست بوو. بەتایبەت لە هەلومەرجێکدا کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیاردایە و لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش گەیشتووەتە لێواری داڕمان.
بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم؛
ئەرکی ئەم پێنج حیزبە، خەباتی هاوبەشە لە دژی کۆماری ئیسلامی و دواتر ئیدارەدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆی دیاری دەکات.
لە ماوەی بەڕێوەبەریی کاتیدا، ئەرکی ئێمە پاراستنی دەستکەوتە سیاسییەکانی کوردستان و پێکهێنانی کەشێکی ئاشتیانە و سەقامگیرە. کوردستانێک کە تێیدا ماف و کەرامەتی هەموو چین و توێژەکان بە هەموو جیاوازی و پێکهاتەکانیەوە، پارێزراو بێت. ئەم ئەرکەش تەنیا بە پاڵپشتیی جەماوەر و ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکان مسۆگەر دەبێت.
ئەم هاوپەیمانییە بێجگە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیکردنی هیچ لایەنێک نییە. هەموو حیزب و ڕێکخراو و تاکێکی کوردستانی، مافی خۆیەتی لە ڕاستای خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی چالاک بێت و ئەرکی هەمووشمانە کە بۆ دابینبوونی مافی تاک و کۆی کۆمەڵگەی کوردستان، یارمەتیدەری یەکتر بین.
سەبارەت بە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، دڵنیاین کە کۆڵەکەی سەرەکیی بەرەوپێشچوونی دیمۆکراسی و پێشکەوتنی کوردستانن. ژنانی پێشەنگ و لاوانی بەهەستی کوردستان، کە لە ماوەی بزووتنەوەی ژینادا بڕبڕەی پشتی بزاوتەکە بوون، سەرمایەی بەنرخی ئەم گۆڕانکاریەن. ئەرکی «هاوپەیمانی»، پێکهێنانی ژینگەیەکی ئارام و لەبارە بۆ چالاکی و بەردەوامبوونیان.
کوردستانی پاش کۆماری ئیسلامی، پێویستە ببێتە مەکۆی ئاشتی و پانتایەکی گشتی بۆ پێکەوەژیانی شارستانیانەی هەموو دانیشتووانی، بە هەموو جیاوازی و مافە ئایینی، نەتەوایەتی، سیاسی، زمانی و کۆمەڵایەتییەکانیانەوە.
لە کۆتاییدا، کۆمەڵگەی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە دەنگی ئێوە سەرچاوە و مەرجەعی گشتییە. دەیان ساڵ بەرخۆدان و تێکۆشانمان بۆ ئەوە بووە کە هەموو دانیشتووانی کوردستان، هەست بە بوون و ناسنامە و مافەکانی خۆیان بکەن.
کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو، وشیار و لە ڕووی نەتەوەییەوە گەشەی کردووە. ئەم تایبەتمەندییانە لە هەرێمەکانی تر کەمتر دەبینرێت. بەتایبەت بواری حیزبایەتی، ڕێکخستن و کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو ئەزموون و سەرمایەیەن کە هەمیشە دوژمنی بە چۆکدا هێناوە. لە ئەمڕۆ و داهاتوودا، هەوڵ بدەین ئەو تایبەتمەندییانە بەهێزتر بکەین کە بەردی بناغەی یەکگرتوویی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادن، بەدوور لە هەر جۆرە پاوانخوازی و هەڵاواردنێک.
ئێمە زیاتر لە هەموو کات پێویستە هاودەنگ و بەهێز بین. بەرژەوەندیی نەتەوەیی و هاوچارەنووسیمان لە گرەوی بەهێزبوون و یەکڕیزیی کۆمەڵگەی کوردستانە. بەو شێوەیە دەتوانین سیمایەکی نوێ و شارستانی لە خۆمان، نیشانی ئێران و جیهان بدەین.
بەو هیوایە
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی
١ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی