
عومەر باڵەکی
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ٤٧ ساڵ پێش بە دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی پاشایەتی لەسەر دەستی خومەینی و دارودەستەکەی کە شۆڕشی گەلانی ئێرانیان بە لاڕێدا برد، دامەزرا. یەکێک لە دروشمە سەرەکی و سەرەکییەکانی خومەینی و لایەنگرانی ئەوە بوو کە نابێ دەسەڵاتداری و حوکمڕانی لە ئێران تایبەتمەندیی بنەماڵەیەک و کەسێک بێ و لەو ڕاستایەدا ماوەی ٤٧ ساڵە دەزگاکانی پەروەردە و ڕاگەیاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن کە لەسەر دەستی خومەینی، ڕێژیمی پاشایەتییان ڕووخاندووە و کۆتایییان بە ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران هێناوە. بەڵام لەمێژساڵە دەسەڵاتدارانی تینووی دەسەڵات بەتایبەتی سپای پاسداران هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی کە دوای مەرگی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، کوڕەکەی ناوبراو واتە موجتەبا لە جێگەی ئەو دابنێن.
هەتا پێش هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە زۆر بەپارێزەوە دەستیان بۆ بابەتی جێنشینیی ڕێبەر دەبرد، چونکە لە لایەک دەیانزانی لە بواری مەزهەبی شیعەی باوەڕدار بە ویلایەت تووشی کێشە و بەرهەڵستیی شەرعی دەبنەوە و لە لایەکی دیکەوە لە دژکردەوەی بیروڕای گشتیی ئێران دەترسان کە ئەو شێوە دیاریکردنە دووپاتبوونەوەی سیستەمی سەڵتەنەتە لە ئێران. بەڵام بە هەڵگیرسانی شەڕ و کوشتنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ئەو دەروازەیە بۆ لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە ئاوەڵا بووە و بێ سێ و دوو لێکردن هەلەکەیان قۆستەوە و ڕایانگەیاند کە موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەییان بە ڕێبەری نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردووە.
هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ چەندین کۆسپی شەرعی و قانوونی و نێودەوڵەتی بەرەوڕوویە. بەپێی فیقهی شیعە دەسەڵات لە باوکەوە ناگوازرێتەوە بۆ کوڕ و لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی هەروەکی پێشتر باس کرا بە دژایەتی و ڕەدی ڕێژیمی پاشایەتی خۆی پێناسە کردووە. بۆ نموونە خومەینی لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری ڕۆژنامەی "لومۆند"ی فەڕەنسە کە سەبارەت بە سیستەمی حکوومەتی داهاتوو دەڵێ: "ڕێژیمێک دادەمەزرێنین بە هیچ جۆر پاشایەتی نابێ...". بەڵام وادیارە زۆر لەمێژە دامودەزگاکانی ئەمنییەتی و ئیتیلاعاتی بەتایبەتی سپای پاسداران لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئەو خەتە سوورە ببەزێنن و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە ڕواڵەتیشدا پاشایەتی نەبووە، بە ئاشکرا بیکەن بە پاشایەتی. ئەوە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە ڕوون نییە کە مەجلیسی خوبرەگان چۆن کۆبووەتەوە؛ ئایا بەربژێری دیکە هەبووە؟ ئایا ئەندامانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا بەپێی ئەو بارودۆخەی ئێران کە پێیدا تێدەپەڕێ ڕێژەی قانوونییان بۆ دەنگدان تەواو کردووە؟ ئەوەی دەبینرێ تەنیا ڕاگەیەندراوێکە بە ناوی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری کە بەپێی عورف و قانوون دەکرێ پرسیارخوڵقێن بێ کە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی نەک بە هەڵبژاردن، بەڵکوو لەژێر گوشاری سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیدا بووە.
بەڵام لە هەموو ئەوانە گرینگتر ئەوەیە کە ئەو ڕادە کەسانە لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوشتاری ئەمریکا و ئیسرائیل گیانیان بەدەر بردووە و زیندوون و ئێستا ئیدارەی حکوومەتە شکستخواردووەکەیان دەکەن، بە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شانسی مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات گەیاندە ڕادەی سفر. چونکە لە بواری ڕۆحی و دەروونی، کەسێک باوک و بنەماڵەکەی بە دەستی دوژمنەکەی کوژرابێ چۆن دەتوانێ وڵات لەو قەیرانە شەڕاوییە ڕزگار بکا و لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و دنیای ڕۆژاوا هەڵسوکەوت بکا؟ ئەگەر ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بیهەوێ ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە لە یەخی خۆی داببڕێ، دەبێ بە فتوا و فەرمانێک زۆربەی ئەو فتوا و فەرمانانەی باوکی لە پلەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا داویەتی هەڵبوەشێنێتەوە، کە ئەوە هەم بۆ خۆی و هەم بۆ باوکی دەبێ بە کارەساتێکی گەورە. ئەگەر وایە ناچارە ڕێچکەی فتوا و فەرمانەکانی باوکی بگرێ کە ئەوەش دەرئەنجامی دەبێ بە ڕووخان یان لاوازبوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە ماوەی نزیک بە دوو حەفتەیە دەستی پێ کردووە، زیان و زەرەرێکی زۆری لە بواری ڕۆحی و ماددی و ئینسانی بە گەلانی ئێران گەیاندووە و ژێرخانی ئیداری و سازمانی و ئابووریی دامودەزگاکانی دەسەڵاتدارییەتیی کۆماری ئیسلامی نزیک بە تەواوی لێک هەڵوەشاندووە. دیاریکردن و دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی نەک ناتوانێ کۆماری ئیسلامی لەو تەنگژە و کارەساتەی کە بەهۆی سیاسەتە چەوت و دوژمنکارییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ گەلانی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوویەتی ڕزگار بکا، بەڵکوو ئەو هەڵبژاردنە لە یەکەم تێڕوانیندا وەک ملبادان و دەمەلاسکێی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوو بە کۆمەڵگەی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبینرێ. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بەتەواوی سەریان لێ شێواوە و ئەوانەی بڕیار دەدەن ئەهلی سیاسەت و ئیداری کردنی وڵات نین، بەڵکوو ئەوانەی لەسەر بابەتەکان بڕیاری کۆتایی دەدەن فەرماندەرانی سپای پاسدارانن کە بە عەقڵی مەیدان لەگەڵ بابەتە سیاسییەکان هەڵسوکەوت دەکەن.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان دا بە خوڵقاندنی قەیران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، لە نێوخۆی وڵات بە بەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانی، سەرکوتی بێبەزەییانەی گەلانی ئێران بکەن. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان و لەخۆباییبوونی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە وای کرد تووڕەیی پەنگخواردووی ٤٧ ساڵە لەو ڕێژیمە، هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بە ڕووی دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەکانی ئەو ڕێژیمەدا بتەقێتەوە و مەشرووعییەتی سیاسی و حوکمڕانی بێتە ژێر پرسیار. موجتەبا خامنەیی کە ڕاگەیەندرا سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا خۆشی یەکێک بووە لە کاراکتەرەکانی ئەو مەیدانە، ئێستا میراتگری کار و کردەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئەگەر بیهەوێ لەسەر ڕێچکەی پێشووی باوکی درێژە بە کار و کردەوەکان بدا، زۆر سروشتییە هەروەکی ئێستا لەگەڵ دژکردەوەی نێوخۆیی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەوڕوو دەبێ و تەمەنی حوکمڕانیی زۆر ناخایەنێ؛ ئەگەر بیهەوێ لە شێوازی حوکمڕانیی باوکی تێپەڕ بێ و بە شێوازێکی دیکە هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوەی ئێران حکوومەت بکا کە ئارامییەک بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بگەڕێنێتەوە، ئەو کات کار و کردەوەکانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی باوکی دێنێتە ژێر پرسیار. بۆیە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نەک ناتوانێ گرێکوێرەکانی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە، بەڵکوو زیاتر و زیاتر ئاڵۆزتریان دەکا و دەبنە هۆی نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.