ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، لەسەر بانگێشتی فەرمی خاتوو کاتارینا پێرلیچ هوبێر و بە بەشداری پارلەمانتاران فابیۆ ڕێگازی و مایا بالی، شاندێکی کۆمیتەی سویسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی پارلەمانی وڵاتی سویسیان لە شاری بێڕن کرد.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا باسێکی ورد لەسەر دۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ.
پاشان لەلایەن شاندی ژنانی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتەوە نامەیەک ئاراستەی ئەنجومەن و پارلەمانی سویس کرا کە تێیدا بە ڕوونی باس لە کێشە بنەڕەتییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد کرابوو.
لەو نامەیەدا داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد و نەتەوە بن دەستەکان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا خرایە ڕوو کە خۆی لە مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین، مافی خاوەندارێتی لە خاک و سەرچاوە سروشتییەکانی نیشتمان و بەشداری سیاسی یەکسان بۆ هەموو نەتەوەکان دەبینێتەوە.
هەروەها شاندی میوان داوایان لە پارلەمانی سویس کرد کە هەڵوێستی توند بەرامبەر بە توندوتیژییەکانی ڕێژیم بگرنە بەر و سپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە و ڕێگری لە چالاکییەکانیان لە وڵاتی سویس بکەن.
شایانی باسە شاندی یەکیەتیی ژنان پێکهاتبوون لە بەڕێزان شایستە وەتمانی، ئاویزان ڕەحمانزادە، گەلاوێژ میران، گەلاوێژ ئارامشی و فەتانە مورادی.