کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام پارلەمانێکی سوید

11:11 - 21 رەشەمه 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشمەمە، شاندیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی ڕێناس خزری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هاوڕێیەتی عوسمان مەحموودی دیدارێکیان لەگەڵ لەیف نیسمێد ئەندامی پارلەمانی سوید لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و سانا ئێلیاسوون ڕێکخەری کاروبار لەو تۆڕەدا ئەنجام دا.

ئامانجی سەرەکی دیدارەکە گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستا و داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە تێیدا ڕێناس خزری باسی لە دڕندەیی ڕێژیمی ئێران کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنیا ڕووخانی ڕێژیم بەس نییە، بەڵکوو دەبێ سیستمێکی دێموکراتی پتەو بونیاد بنرێت کە هەمووان تێیدا بەشدار بن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرینگی دروستبوونی هاوپەیمانیی شەش هێزی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا وەک وەڵامێکی مێژوویی بۆ قۆناغەکە و لایەنی سوێدیش وێڕای دەربڕینی گەشبینی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە هاوپەیمانییەکەیان وەک پلاتفۆرمێکی گرینگ بۆ کاری هاوبەش و دیالۆگ لەگەڵ هێزە دێموکراتەکان وەسف کرد.

لە کۆتاییدا نوێنەرانی حیزب داوایان لە حیزبی سۆسیال دێموکرات کرد کە کار بۆ سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین بکەن بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە بەرانبەر هەڕەشە سەربازییەکانی ڕێژیمدا و لایەنی سوێدیش بەڵێنیان دا کە خاڵە گرینگەکانی ئەم دیدارە بخەنە ناو بەرنامەی کار و باسەکانی خۆیانەوە.