ئاماژە: تۆڕی مێدیایی ٩٦٤+ وتووێژێکی تایبەتیی لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبی و سیمای ناسراوی بزووتنەوەی کورد کردوە و ڕا و بۆچوونی بەڕێزیانی لەبارەی هۆکار و دەرەنجامەکانی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل دەربڕیوە. لەو وتووێژەدا کە لە ڕۆژی دەهەمی شەڕەکەدا کراوە، مامۆستا حەسەنزادە تیشکی خستووەتە سەر دۆخی کورد لە دڵی قەیرانەکانی ئەو شەڕە، داهاتووی ئێران و پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە. "کوردستانمیدیا" ئەو دیمانەیەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە:
مامۆستا ماوەی دە ڕۆژە ئەو هێرشانە بۆ سەر ئێران دەستی پێ کردووە. خوێندنەوەی جەنابت بۆ ڕووداوەکان تا ئێستا چۆنە؟
زۆرجار دەڵێم قسەوباس و کاروباری دۆناڵد تڕامپ کەس بە ئاسانی تێیان ناگا. بەڕاستی ئەوەی تا ئێستا گوزەراوە بەرچاڕوونیی نەداوە بە کەس. ئەوەی ئەمن تێیدەگەم، لەگەڵ هەموو گەورەیی شەڕەکە، لەگەڵ هەموو ئەو توانایانە کە دوو دوژمنی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل هەیانە، هەموویان لە حیساباتی خۆیاندا تووشی هەڵە بوون. تەنانەت ئەگەر بە زمانیش نەیڵێن، لێیان دەردەکەوێ کە بۆ خۆیان هەستیان بە هەڵەبوونی موحاسەبەکەی خۆیان کردووە.
ئەمریکا وای حیساب کردبوو کە بە پێچەوانەی شەڕی ١٢ ڕۆژە کە زۆر بە توندی و بە قورسی نەهاتنە نێو کارەکەوە، ئەم سەفەرە بە سێ چوار ڕۆژان کارەکە تەواو دەکەن. ئیحتیمالەن نەتانیاهووش هەروا حاڵی ببوو. هەر لەو کاتەدا کۆماری ئیسلامییش وا حاڵی ببوو کە بە قەولی خۆیان دەرسێک دەدەن بە ئەمریکا و ئیسرائیل کە قەت لەبیریان نەچێتەوە. ئێستا دەرکەوت ئەو حیساباتەی هەردوولا بە هەڵە دەرچووە و مەعلووم نییە ئایندەی ئەو شەڕەی بە کوێ دەگا، کەنگێ تەواو دەبێ، یان بڵێین بە جۆرێک لە جۆران تەواو دەبێ. چونکە دیارە تەواوبوونی شەڕ هەر یەک حاڵەتی نییە. شەڕ دەتوانێ بە ڕێککەوتن تەواو بێ، یان ئەوەی پێی دەڵێن ئاوربەس.
مامۆستا ئەگەر ئەو ڕووداوانەی ئێستا بۆ دوو بەش دابەشی بکەین، هەم نێوخۆی ئێران، هەم دەرەوەی ئێران، یانی جۆرێک ڕەوایەتیی ئەو جەنگە هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرانبەر ئێران پیادەی دەکەن، ئایا ڕەوایەتیی جەنگەکە هەیە؟
دەزانی چۆنە؟ هەندێک یاسای نێودەوڵەتی هەن، یاسای ناوچەیی هەن، تەنیا لە حاڵەتێکی سروشتیدا ئەوانە ڕەچاو دەکرێن. دەنا هیچ کامیان ڕەچاو ناکرێن. دەوڵەتێک کە ئێستا حاکمی ئێرانە، نە دڵخوازی خەڵکی ئێرانە بە هەموو میللەتەکانیەوە، نە دڵخوازی خەڵکی هەرێمەکەیە، نە دڵخوازی خەڵکی دنیاشە، ئەوە ڕاستە. یانی دەوڵەتێکی بەڕاستی خراپە. بەڵام ئێستا وەکوو دەڵێن لە جیاتی "هێزی مەنتیق"، "مەنتیقی هێز" حوکم دەکا. موخالەفەتیان هەیە، ئەوانیش لە خۆیان ڕا دەبینن و دێن شەڕێکی ئاوا دەکەن.
مامۆستا پێت وایە گۆڕانکاری دروست بکا؟ پێشتر ١٢ ڕۆژ شەڕ بوو، ئێستاش ئەوە پێی نایە ١٠هەمین ڕۆژ. پێت وایە ئەوە گۆڕانکاری لە نەخشەی ئێران یان لە ناوچەکەدا دروست بکات؟
زۆر قابیلی پێشبینی نییە، تەنانەت دیمەنەکە بۆ ئەوانەی کە لەشەڕەکەشدا هەن ئەوەندە ڕوون نییە. بەڵام وا فکر دەکەمەوە ئەم سەفەرەی ناتوانێ وەک جاری دیکە تەواو بێ. ئەوەی ترامپ لەو ڕۆژانەی دواییدا ئێعلانی کردووە، کە دەڵێ هیچ شتێکمان قبووڵ نییە، جگە لە تەسلیمی بێ قەید و شەرت. تەسلیمی بێ قەید و شەرت وەک ئەوەی شوارتسکۆف لە سەفوان بە عێراقییەکانی گوت کە من ناچم بۆ دانوستان، دەچم دەڵێم ئەوە ئیمزا بکەن. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم لە کەللەڕەقیی ڕێبەرانی ئێرانێ بە دووری دەزانم ئەوەی بکەن. کەواتە ڕەنگە ئەوەیان نەبێ، بەس بەهەرحاڵ بۆ ئابڕووی دەوڵەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا و هێزێکی ناوچەیی وەک ئیسرائیل ڕەنگە ئاسان نەبێ ئەم جارەیان هەروا بکشێنەوە. یان دەبێ ئامانجەکانیان بەدی بهێنن، یان ئەگەر ئامانجەکە بەدی نەیە دەبێ بڕۆن هەتا لایەکی وەلایەکی دەکەوێ، و ئەوەی پیاو لێی تێ دەگا و ئەگەر بە مەنتیق بیر بکەیەوە دەبێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی لێ بکەوێتەوە.
پێشبینیی جەنابت چییە؟ شەڕەکە زۆر دەخایەنێت؟ گۆڕانکارییەکان چی دەبن؟ ئایا بە ڕووخان کۆتایی دێت؟
ئەمن هەتا سێ چوار ڕۆژ پیش ئێستا دوو ئیحتمالم بەرچاو دەکەوتن، یەکێکیانم بە نزیکتر دەزانی. ئەویش ئەوە بوو کە لە ئاخر دەقیقەدا ئێران بۆی دەرکەوێ کە ئەو شەڕە شەڕێکی قورسە و بەوی بەڕێوە ناچێ، قەبووڵ بکا کە مەرجەکانی قەبووڵن. ئەوی دیکە ئەوە بوو بڕوا هەتا ڕووخان. ئێستا ڕەوتی ڕووداوەکان پێم دەڵێ کە نا؛ ئەگەری تەسلیمبوون و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دوورترە لەوەی بڕوا هەتا سەر. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر بیریان لێ دەکردەوە کە شەڕەکە ٢ ڕۆژ و ٣ ڕۆژە، یان لە دواتردا فکریان لێ دەکردەوە کە ڕەنگە حەوتوویەک یان دوو حەوتوو بێ، وا دێتە بەرچاو کە ئەو شەڕە پتر درێژە دەکێشێ، ڕەنگە بە حەوتووان ڕازی نەبن و ببێتە چەند مانگێک.
ئەی پێشبینییەکان بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەکاندا چۆن دەبن؟
یەکێک لە کێشەکانی ئەم شەڕە و تەنانەت کێشەی ئەوانەش کە هاتوون شەڕی ئێران دەکەن ئەوەیە کە بەدیل (جێگرەوە)یان نییە لە نێو ئێراندا. مەعلووم نییە چی دەبێ. ئێستا هەوڵی ئەوە هەیە کە گویا لە نێوخۆی دەسەڵاتدا شتێک دروست کەن کە لەگەڵ ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بتوانێ بگونجت. ئەمن ئەوەی زۆر بە زەحمەت دەزانم چونکە لە ئێراندا غەیری ئەو تاقمەی ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستە، لە زەمانی خومەینییەوە تا ئەمڕۆ، هەتا دوێنێش کە کوڕەکەی خامنەیی بووەتە جێگری بابی، کەسانی دیکە ئەو هێزەیان نییە بڵێن ئێمە ڕاست دەبینەوە و دەسەڵات لە دەستی ئەوان دەر دێنین. ئەوانیش زۆر بە زەحمەتە مل ڕاکێشن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەگەر شەڕ بوو ئیحتمالاتی زۆری هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە لە نێوخۆیی ئێراندا بە دەسەڵات و نادەسەڵاتەوە بەدیلێک هەڵکەوێ. یەکێکیان ئەوەیە بۆ ماوەیەک ببێتە شەڕی نێوخۆیی و بێسەرەوبەری. ئەگەرێکی دووریش هەیە کە من زۆر بە دووری دەزانم چونکە تا دێ دوور دەکەوێتەوە کە کوڕی محەمەدڕەزاشا بهێننەوە سەرکار. دیارە من بە دوورتری دەزانم چونکە ئەو کابرایە لە نێوخۆی وڵاتدا نفووزێکی وای نییە، حیزبی نییە، ڕێکخراوی نییە. تەنیا شتێکی میراتییە ئەویش میراتێک کە لە ئێراندا ٢٥٠٠ ساڵ ڕابردووی هەیە، هەمووی نامەتڵووب بووە و دیکتاتۆری بووە ئەو خەڵکەی بە خوێن و فیداکاری پاشایەتیی ڕووخاندوە، ئێستا چۆن دەچێ بە ئیختیاری خۆی دەیهێنێتەوە؟
دیارە سەرۆکی ئەمریکاش ڕەتی کردەوە کە کوڕی شا بگەڕێنێتەوە، دەڵێ دەبێ گۆڕانکارییەکان لە ناوخۆی ئێران بن.
بەڵێ وایە. دوو هەفتە پێش شەڕەکە ڕۆژئاوا هەمووی هاتنە پشت ڕەزا پەهلەوی. بە ڕۆژێکی سێ جار لە سێ شوێن خۆپێشاندانیان کرد لە مونیخ، لە تۆرۆنتۆ، لە لۆس ئەنجلێس. هەموو میدیای ڕۆژئاوایی هاتبوون، بە سوێند و قورئان دەیانگوت لەوێ ٢٥٠ هەزار بوون، لەوێ ٣٠٠ هەزار کەس بوون. لە حاڵێکدا پۆلیسی ئەڵمان حیسابێکی دەقیقی کردبوو کە دەڵێ ئەو حەشیمەتەی کە لەوی بووە بەپێی حیساباتی دەقیق دەتوانێ ٥٠ هەزار کەس بێ، هەر ئەوەندەی دەگرێ. کەچی ئەوان دەیانگوت ٢٥٠ هەزار کەسە بۆ ئەوەی گەورەی بکەنەوە. بەڵام لە پاشان وا دیار بوو تێیان گەیاندن کە ئەو کوڕە بۆخۆی نە ئەو تواناییەی هەیە و نە ئەو پێگەیەی هەیە. بۆیە لە کۆتاییدا گوتی ئێمە کەسێکمان دەوێ کە لە ئێرانێ بێ و لە ئێرانیش مەقبوڵییەتی هەبێ.
مەبەستی چییە؟ واتە لە نێوخۆی ئێران؟
وا تێدەگەم تا ئێستا بەدوای ئەوەوەن لەنێو دەزگای حاکمدا، نە ئیلزامەن لەنێو دەسەڵاتدارەکاندا، ئەوانەی کە پێیان دەڵێن ئیسڵاحتەڵەب، لەنێو ئەواندا کەسانێک دەربکەون و ئەوانیش پشتیان بگرن. پێم وایە تا ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە کە من ئەوە زۆر بە ئاسان نازانم. چونکە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێران، جا بە دڵخواز یان بە نابەدڵخواز، لەگەڵ دەسەڵاتەکەدایە. ئەوی دیکە هیچ بەرەیەکی نێو حکوومەتی ناوێ. بەڵام لە زەروورەتدا ڕەنگە ئەگەر ڕەوتی ڕووداوەکان ئاوا بچێتە پێشێ، لەوانەیە دەستەیەک، تاقمێک تێکەڵاو لە هەندێک کەسایەتیی نێوخۆی وڵات لە دەرەوەی دەسەڵات، لە دەرەوەی دامەرزاوە حکوومەتییەکان و بەشێک لەوانەی کە بە ئیسڵاحخواز حیسابن وەک حەسەن ڕوحانی و زەریف و خاتەمی و ئەوانە بێنە گۆڕێ، ئەگەرچی ئەوانە هیچ وەختێک وەک نوقتەی هێز دەرنەکەوتوون لە کۆماری ئیسلامیدا.
باشە ئەوانە ئەستێرەیان ئاوا نەبووە؟
لە بنەڕەتدا هەر ئەستێرەیان نەبووە هەتا ئاوا بێ. کابرا دەڵێ سەرۆککۆمار تەدارۆکاتچییە، باشە. ئێران تەنیا وڵاتە کە سەرۆککۆمارەکەی کەسی یەکەمی وڵات نییە. کەسێکی دیکە لە سەرەوەی هەیە، ئەویش نەک لە سەرەوەی، لە سەرەوەی ئیرادەی هەموو میللەتەکەیە، چونکە ئەو ئەمر لە خودا وەردەگرێت و بەرانبەر بە عەبدی گوناهبار هیچ ئیلتزامێکی نییە!
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، واتە لە میانی ئەو جەنگە بینیمان کە ئێران هێرشی کردە سەر زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە. ئەوەشمان بینی کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هات داوای لێبوردنی کرد و گوتی ئەگەر هێرشمان نەکرێتە سەر، ئێمە چیتر هێرش ناکەین. بەڵام هەر ئەو ڕۆژە...
پێیان دەوێ کردەوە (بە پێکەنینەوە)
مامۆستا ئەوانە چۆن خوێندنەوەیان بۆ دەکرێ؟
دیارە هەموومان ئەوە دەزانین ئەو وڵاتانەی لێیان درا بە جۆرێک لە جۆرەکان حزووری ئەمریکایان تێدایە، هێز و بنکەی ئەمریکییان تێدایە. بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ئەوە هەڵەیەکی گەورەی کۆماری ئیسلامی بوو. دوو دەوڵەت هاتنە شەڕی، بەڵام ١٠ دەوڵەتی لە خۆی کردنە دوژمن. پێی وابوو کە دەتوانێ لەو بارەیەوە هەم زەرەر لە بنکەکانی ئەمریکا بدا و هەم ئیحتیمالەن ئەو وڵاتانەش لە خۆی نەکاتە دوژمن. لە حاڵێکدا بە پێچەوانەوە، ئەو وڵاتانە هەتا جارێک ئازار بە هێزەکانی ئەمریکا گەیشتوە، ١٠ جار ئازار بەوان گەیشتووە، ئەوان هەر دەبنە دوژمن و وەکوو زانیمان هەر دوێنێ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە توندی بەرپەرچی ئێرانی دایەوە. بەڵام ئەوی دیکە نیشانەی ئەو واقیعییەتەیە کە باسمان کرد، کە سەرۆککۆمار شتێک نییە. سەرۆککۆمار دەتوانم بڵێم کارێکی عەقڵانە و مەدەنی بوو کە داوای لێبوردنی لە خەڵکەکە کرد و گوتی ئێمە شەڕمان لەگەڵ ئێوە نییە و شەڕمان لەگەڵ بنکەکانی ئەمریکایە، بەڵام بە زۆر فشاریان بۆ هێنا کە بە زمانی خۆی قسەکانی وەربگرێتەوە. ئەوە کە دەڵێ وا خراپ تەفسیر کراوە، وا خراپ تەفسیر نەکراوە، ڕاست بوو ئەوەی گوتی، ئەوەی لە دڵیدا بوو ئەوەی گوت، بەڵام ئێستا دەڵێن حەقت نییە ئەوە بڵێی.
لە دوای شەڕەکە، پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانە چاک دەبنەوە؟
مەربووتە بەوەی کێ دێتە سەر دەسەڵات، بەبێ شک ساڕێژبوونەوەی ئەو برینانە لە هیچ حاڵەتێکدا ئاسان نییە، بەڵام لە سیاسەتدا شتی نامومکین نییە. سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان شتێکی باشمان پێ دەڵێن کە هەموو شتێک دەکرێ. کابرایەک کە هەتا دوێنێ ١٠ ملیۆن دۆلار دادەنرا بۆ خەبەرێکی، یەکسەر دەیهێنن بەدەستی خۆیان دایدەنێن و دەیکەنە دەسەڵاتداری سووریە، ترامپ بۆخۆی گوتی ئەمن هێناومە. یانی لە شک و گومانی لا برد، ئەوەش هەر مومکینە، بەڵام بەهەرحاڵ هەر دەبێ تەبیعی بێتەوە. ئاگات لێیە لە عومرێکی ڕابردوودا ئیختلافاتی بەینی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل! دەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند وڵاتی عەرەبی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل کردۆتە پەیوەندییەکی ئاسایی و سەفیریان لە وڵاتی یەکتردا داناوە. هەموو شتێک مومکینە.
لە دوای کوژرانی خامنەیی، هەست دەکەین ئێران جۆرێک تەحەدای کرد کە توانی موجتەبای خامنەیی با بڵێین کوڕ لە جێی باوکی دابنێتەوە. خومەینی تەوجهێکی هەبوو زیاتر کە دینی بەکار هێنابوو بۆ بابەتی سیاسی، دوای خامنەیی هات چەکیشی لەگەڵ دین بەکار هێنا. پێت وایە موجتەبا بتوانێ لەو سنوورانەی خومەینی و خامنەیی لابدات و گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئێراندا بکات؟
خومەینی مەوقعییەتێکی دیکەی هەبوو، یەکەم ئەوەی ڕێبەرێکی خەباتگێڕ بوو لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی، لە پاشاندا هەرچەندە یەکەمین پلە و پایەی عیلمی نەبوو لە موئەسەسەی دینیی شیعەدا، بەڵام پلە و پایەیەکی دینیی بەهێزی هەبوو. بەڵام بۆ پاش خومەینی، ئەوەی کە بوو بە جێگری خومەینی لە واقیعدا سیاسەت کردی، شایستەیی دینی و عیلمی و کۆمەڵایەتیی خامنەیی وەک خومەینی قەبووڵ نەبوو، بەڵام دەسەڵات دای نا. ئەوەی ئێستا فاسیلەکەی لەوەی دیکەش پترە. واتە ئێستا حاکم لە ئێراندا لە بنەڕەتدا سپای پاسدارانە، بەڵام بە قەول واجیھە یان بڵێین عەبایەکی دەوێت کە دەسەڵاتەکەی لە ژێردا بشارێتەوە. ئەو پیاوە، واتە موجتەبا خامنەیی، نە پلەی عیلمیی وای هەیە نە پلەی کۆمەڵایەتیی وای هەیە. باوەڕ کە تا دە ساڵ پێش ئێستا زۆرکەس نەیدەزانی خامنەیی کوڕێکی هەیە بە ناوی موجتەبا، بەڵام وردە وردە دەریان خست. ئەوەش هەندێک دوێنێ و پێرێ دەیانگوت کە ناڕازی بوون بەوەی خامنەیی کوڕەکەی جێگەی خۆی بگرێ، ئەوە بە تەواوی بە باوەڕی من ناڕاستە، چونکە لە پشتی پەردەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک دەورانی سەدام حوسێن و ئەحمەد حەسەن بەکر، ئەوەی ڕەئیس جمهور بوو ئەحمەد حەسەن بەکر بوو، بەڵام ئەوەی کارەکانی دەکرد سەدام بوو. ئەوە وا نەبوو لە واجیھەدا دیار بێ، بەڵام لە واقیعدا وەک کەسێکی بەدەسەڵات و باڵادەست کاری دەکرد و پەیوەندیی هەبوو لەگەڵ سەرانی پاسداران و ئەوانە.
هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەو بارودۆخەدا چی بکەن باشە؟ ئایا بە قسەی ئەمریکا بکەن یاخود مەجالێک ماوە پێی بڵێن دانوستاندن لەگەڵ ئێران؟
با لە بەشی دووهەمەوە جواب بدەمەوە کە پێم وایە ئەوانەی پێشووش بەتایبەتی دوای ئەوەی یەکەمجار هەموویان کاری خراپ بوون و هەموویان موحاسەباتی ناتەواو بوون. چونکی کەسێک کە لەگەڵی دانیشتووی پیاوێکی سوڵحخواز و دێموکرات وەکوو د. قاسملوویان تێرۆر کردوە، ئیتر بۆ دەبێ باوەڕی پێ بکەی؟ ئیستاش ئیدی لە بنەڕەتدا ئەسڵێک هەیە کە دەڵێن کۆتایی هەموو شەڕێک دەبێ بە تێگەیشتن بێ یا بە ئاشتی تەواو دەبێ یان بە لەبەینبردنی لایەکی شەڕەکەی. ڕەنگە لە بنەڕەتدا ئەوە نەتوانین نەفی بکەین کە دەوڵەتی ئێرانێ هەر کەس و هەر لایەنێک بێ حیزبە سیاسییەکان یان ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد مەجبوورن ئەگەر ئیمکانی موزاکەرە هەبوو لەگەڵی بکەن، بەڵام بەش بە حاڵی خۆم پێم وایە قەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مەجال نەماوە بۆ ئەوەی دانیشن، چونکە کە دانیشتن مەعنای ئەوەیە کە دەڵێ ئەگەر جارێکت فریو دام ماڵت خرابێ و ئەگەر دووجارت فریو دام ماڵم خرا بێ. ئەوە وای لێ دێتەوە. حیزبە سیاسییەکان یان ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد مەجبوورن ئەگەر ئیمکانی موزاکەرە هەبوو دەگەڵی بکەن، بەڵام لە ئایندەدا ئەگەر دەسەڵاتێکی دیکە هەبێ، کوردەکە مەجبوورە دەگەڵی تەڕەف بێ، ئەگەر بکرێ لە جیاتی شەڕ، ئاشتی و موزاکەرە و تێگەیشتن بکرێ.
بەڵام ئەوەی کە لە بەشی یەکەمی پرسیارەکەدا بوو، کورد بەقسەی تڕەمپی بکا یان بۆخۆی بیکا، ئەگەر بە پێخۆشبوون بێ، خۆش نیە هیچ بزووتنەوەیەکی کوردی و هیچ بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز، چاوی لە دەوڵەتێکی بێگانە بێ کە بێ ڕزگاری بکا. بەڵام حەقیقەتێکی تاڵی دیکە هەیە کە ئێستا ئەو دەوڵەتانە، دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستاندا و هێزی دیکەش بەشێکیان لەوە دەرچوون کە بکرێ بەبێ یارمەتیی دەرەکی بگۆڕدرێن.
لە وڵاتانی دێموکراتدا خەڵک دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان و ڕایەکەی چۆن دەرچوو، بە سەلامەتیش دەردەچێ، کابرا دەڵی لەبیک و قبووڵی دەکا و دەچێ دادەنیشێ، بەڵام لەو وڵاتانەدا ڕێگە نییە بە شێوەی دێموکراتیک ڕێژیمەکە بگۆڕێ. ئەگەر دەکەوێتە مەیدانی هێز و قودرەتیش، مەعلوومە ئەوانە هەموو ئیمکاناتی دەسەڵاتیان هەیە، بزووتنەوە ئازادیخوازەکە حەدی ئەقەللی هەیە. جاران ئێمە لانی کەممان هەبوو، ئێستا جیاوازییەکە لە نێوان قودرەتی نیزامیی دەوڵەت و بزووتنەوەی کورد لەوە دەرچووە، جاران دەمانگوت شەڕێکی نابەرانبەرە. ئێمە کڵاشینکۆفمان پێ بوو، ئەویش کڵاشینکۆفی پێ بوو، ئێمە سەد فیشەکمان هەبوو، ئەو بە میلیۆنێکی لە پشت بوو، بەڵام ئێستا ئەو مووشەکی دوورهاوێژ لە ئیسرائیل دەدا، ئێمەش هەر کڵاشینکۆفەکەمان پێیە. کەواتە بە هێزی نێوخۆیی ئیمکانی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە نییە. بە هەرحاڵ کورد بەشێک لەو شەڕەی ئێستا نیە، بەڵام ئەگەر هێرش کرایە سەر ئێرانێ، هیچ دەلیل نییە نە ئێمەی کورد، نە میللەتانی دیکەی وەزاڵەهاتووی ئێران و نە ئازادیخوازانی ئێران بەگشتی فرمێسک بۆ کۆماری ئیسلامی بڕێژن.
لەو ماوەیەدا سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی بە زۆر لایەنی کوردییەوە کرد، واتا وردەکاریی پەیوەندییەکە ئەگەر جەنابت بۆیان باس کردبێت چی بوو؟
ئەمن وردەکاریی پەیوەندییەکان نە تێیدام بۆم باس بکەن، نە پرسیومە بۆم باس بکەن، نە بۆشیان باس کردووم، بەڵام ئەوەی لە نیشانەکان دەیخوێنینەوە، ئەو پیاوە پیاوێک نییە لەسەر قسەی خۆی سوور بێ. هەفتەیەک پێشتر دەیگوت ئەگەر کوردەکان ڕاپەڕن شتێکی زۆر باش دەبێ. دوێنێ و پێرێ دەڵێ ئێمە وازمان لەوە هێناوە کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان هەبێ، واتا وازی لە کورد هێناوە. مەرج نییە ئەو وازهێنانە قەتعی و هەمیشەیی بێ، بەڵام پیاوێکە بەپێی مەسڵەحەت و بەپێی هەڵسەنگاندنی خۆی، جاروبار کەمێک بە بڕوای من بەبێ حیساب و بەبێ هەڵسەنگاندن بڕیارەکانی دەدا و هەڵسوکەوت دەکا.
لە ماوەی ئەم ١٠ رۆژە هیچ پەیوەندییەکی ئێرانی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە کراوە؟
ئەمن وەکوو گوتم ئاگام لەو شتانە نییە، چونکە ئەمن بەناوی حیزبی دێموکراتەوە قسە ناکەم، بەڵام ئەوەندەی بزانم هیچ پەیوەندییەکی ئاوها نەبووە. ئەگەر بیکەن، پێم وایە هێزە کوردییەکان نابێ وەڵامی ئیجابی بدەنەوە. چونکە ئەو کاتەی کە ئێمە زۆرمان قووەت هەبوو، ئەو دەوڵەتە لەگەڵمان ڕێک نەدەکەوت. ئێستا بۆ دەڵێ ڕێک دەکەوین؟ لە پاشان بەپێی مەنتێق ئەگەر ڕێژیمێکی حاکم و زاڵم، لە خەتەردا بێ، مەزڵوومەکە یان ئازادیخوازەکە بۆ دەبێ کۆمەکێ بکا نەجاتی بدا؟ بۆیە پێم وایە ئەگەر داواش بکا، هێزە کوردییەکان لە ئێستادا هیچ مانایەکی نییە بچن لەگەڵی بۆ وتووێژ و دانوستاندن دانیشن.
مامۆستا چەند ئەزموونێک لەبەر دەستی ئێمە هەبووە، با بڵێین ئەزموونی باشووری کوردستان، ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان، ئێستا کە ڕووداوە گەرمەکان کەوتوونەتە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە کوردییەکان چی بکەن لەوێ باشە، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی پێشتر؟
ئەوەی کە کوردەکان دەبێ بیکەن، ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیانە. هەر حیزبێک لە نێو خۆیاندا هەموویان بەسەر یەکەوە، دانانی ڕێوشوێنێک بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو. بۆ نموونە ئەگەر دۆخێکی وەکوو ساڵی ١٩٧٩ لە ئێراندا بێتە پێشێ، ئەو حیزبانە یەکەم جار هەوڵ بدەن چەندی دەکرێ ناوچەکەی خۆیان بە دەستەوە بگرن، پاشان بە یەکدەستی بەڕێوەی ببەن. ئەو ئەزموونەی دوای ڕێژیمی پاشایەتی ئەزموونێکی باش بوو، بەڵام بە تەواوی سەرکەوتوو نەبوو، چونکە ئەو کاتە دوو حیزبی دیار هەبوون کە دەسەڵاتیان هەبوو، یەکەمیان حیزبی دێموکرات، دووەمیان لەگەڵ عوزریشم لەوان، بە مەودایەکی زۆر کۆمەڵە بوو. کۆمەڵە لە جێیەک شوڕایان هەبوو، حیزبی دێموکرات لە جێیەک. جێ هەبوو دوو شوڕای تێدا بوو، ئەنجومەنی دێ، یەکیان هی دێموکرات و یەکیان هی کۆمەڵە. یاسایەکیان دەردەکرد حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە یاسایەکی دیکەی دەردەکرد. تەنانەت کاتێک هەوڵمان دەدا کتێبی خوێندن دابنێین، حیزبی دێموکرات کتێبێکی دادەنا و کۆمەڵە کتێبێکی دیکە. دەبێ هەوڵ بدرێ ئەوە دووبارە نەبێتەوە. دەبێ هەموویان لەسەر بنەمایەک ڕێک بکەون، لە هەمان کاتدا چەندی دەکرێ لەو بارودۆخەی بۆ کۆماری ئیسلامی دێتە پێش بەهۆی دەرەکییەوە، دەبێ کەلکی خۆمان وەربگرین وەکوو کورد.
ئەو بەرەیەی کە بەم دواییانە دروست بوو لە نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا، بۆچوونت چییە لەسەر ئەو بەرەیە؟ پێت وایە شتێکی باش بێت لەم کاتەدا؟
وەڵڵا قسەیەکم زۆرجار لە مەجلیسی تایبەتدا گوتووە و ئێستاش لێرە بێڵێم پێم خراپ نییە، بە بڕوای من ئەگەر هێزە کوردستانییەکان لە هەموو وڵاتەکان، یەک لەوان لە وڵاتەکەی مندا، لەو بەشەی ڕۆژهەڵاتدا، ئەگەرلە چایخانە پێکەوە دانیشن و دۆمینەی بکەن هەر باشە کە پێکەوە دانیشن و دیالۆگیان هەبێت کە ئێستا شەش لایەنیان پێکەوە هاتوون و دانیشتوون و هاوپەیمانییان دروست کردووە، حەتمەن ئیشەڵڵا خێری لێ دەبینین و سوودی دەبێ. لە نێو خۆیاندا ڕێوشوێنێکیان داناوە، پێم شتێکی زۆر بەسوودە.
بەڵام درەنگ نەبووە؟
درەنگ بوو بەڵێ، بەڵام فارس قسەیەکی جوانیان هەیە، مەسەلەیەکیان هەیە دەڵێن: "ماسی هەر کاتێک لە ئاو بیگری تازەیە". وانییە؟ یان کار بە درەنگەوە بکرێ، هەر باشترە لەوەی هەر نەکرێ.
سەبارەت بە هێزەکانی دیکە با بڵێین جگە لە کورد لە نێوخۆی ئێران با بڵێین باسی کوڕی ڕەزاشا ئەکرێ و هەروەها موجاهدینی خەلق ، پێت وایە جووڵانەوەی کوردی با بڵێین حیزبە کوردییەکان لە کامەی نزیکترن زیاتر؟
حیزبە کوردییەکان ئێستا لە دوو شتدا هەن، یەکێکیان پێی دەڵێن «کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ». ناوەکە کەمێک ناتەواوە، چونکە ئێران خۆی فیدراڵ نییە، مەبەست ئەوەیە نەتەوە فیدراڵخوازەکانن کە پێکهاتووە لە گەلانی ژێردەستەی ئێران وەک کورد و بەلووچ و عەرەب و ئازەری و ئەوانە، ئەوە لەوێدا هەن. لەگەڵ موجاهیدین و کوڕی شای و ئەوانی دیکەش هێندەی من ئاگام لێ بێ پەیوەندی هەر هەبووە تەنانەت وەختی خۆی لەگەڵ کوڕی شا، هەندێک لە ڕێبەرانی کورد و لە ڕێبەرانی ئەو شەش لایەنەش کە ئێستا هەن، کوڕی شایان دیوە. کەواتە هەوڵمان ئەوەیە کە کەس دوژمنمان نییە، دوژمنی کەس نیین، بەڵام بۆ ئایندەی وڵاتەکەمان ئێمە خۆمان لەوانە بە نزیک دەزانین کە باوەڕیان بە فرە نەتەوەبوونی ئێران هەیە، باوەڕیان بە دێموکراسی هەیە. وەختێکی یەکەم جار بوو کە من مەسئوولییەتم وەرگرتبوو، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ کرابوو، لەسەر کوڕی شا پرسیاریان لێ کردم، گوتم ئێمە دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ شا و کوڕی شا نییە، دوژمنایەتی شەخسیمان نییە، دوژمنایەتیمان لەگەڵ سیاسەتەکان هەیە. ئەو کوڕە با ئیعلانێ هەڵوێستی خۆی بکا کە چۆن تەماشای ئێران دەکا، چۆن تەماشای کورد دەکا، باوەڕی بە ماف و ئازادییەکانی ئەو گەلانە چۆنە، ئەو وەختە هیچ مانعێکمان نییە. بەڵام ئەو کابرایە تا ئێستایش شتێکی نەگوتووە، تەنانەت ئەم دواییانە هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بێتە دەسەڵات ئەوەڵ کاری ئەوەیە لەشکر دەنێرێتە سەر بە قەولی خۆیان تەجزیەتەڵەبان یان بڵێین جوداییخوازەکان. یا مەسەلەن وەختێک بە دۆستایەتی قسەی کرد، کوردی بە عەشایری کورد ناو برد نەک بە نەتەوە.
ئێستا گۆڕانکاری لە بۆچوونی موجاهیدینی خەلق دروست نەبووە لە بەرانبەر کورد؟
دەزانم پەیوەندیمان لەگەڵ موجاهیدین هەیە، بەڵام نازانم پەیوەندییەکە لە چ ڕادەیەکدایە، لە چ پلەیەکدایە. ئەوەندە دەزانم کە موجاهیدین پێشتریش بۆ خۆیان بەرنامەیەکیان هەبوو، بەرنامەی خودمۆختاری بۆ کوردستان کە شووڕای میللیی موقاوەمەتیش پێکهات و ئێمەی تێدا بووین، شوڕای میللی موقاوەمەتیش بەرنامەیەکی دانا بۆ خودموختاری کوردستان، ئەویشیان هەر ئیمزا کرد. لەو ماوەیەدا دوو شتی تازەشم لێ دیون، ئەوەڵەن چەند جارێک گوێم لێ بووە کە دەڵێن لە ڕەئسی هەموویانەوە مریەم ڕەجەوی دەڵێ ئێمە وەفادارین بەو بڕیارانەی داومانە. ئەوی دیکە وەختێک بەرنامەی خودموختاری کوردستانیان پەسەند کرد، باسی خودموختاری ئازەربایجان کرا، خودی مەسعوود ڕەجەوی گوتی ئەگەر ڕۆژێک باسی خودموختاریی ئازەربایجان بکرێ، موجاهیدین لە شوڕادا نامێنێ. ئێستا بۆ خۆیان دەڵێن ماف بۆ هەموو نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران، ئازەربایجان، بەلووچستان، عەرەب، تورکمان و ئەوانە، یانی ئەوەشیان زیاد کردووە کە باوەڕیان بەوە هەیە. کابراش کە دەڵێ، دەینووسێ، ئەتۆ حەقت نییە بڵێی درۆیە دەکات و بڕوای پێ ناکەم، ئەتۆ لەگەڵ دڵی خەڵک تەرف نی، لەگەڵ سیاسەت و هەڵوێستەکانی تەرفی.
مامۆستا دوور لە بابەتە سیاسییەکان، لەسەر بابەتی ئەدەبیات و وەرگێڕان نێوانت چۆنە ئێستا؟
پیری و چووزانم جاروبار نەخۆشی پەکی کارکردنێ دەخا، بەڵام پێت سەیر نەبێ کە بڵێم بە حەیاتی خۆم ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆم بە ئەدیب نەزانیوە، بەڵام خۆم بە ئەدەبدۆست دەزانم.
بەڵام، مامۆستا جەنابت زمانزانێکی زۆر گەورەی
خەڵک وادەڵێن، بۆ خۆم واناڵێم، ئەوەندەی مەجالم هەبێ هۆگریم بە ئەدەبیات، بە شتی جوان، بە شێعری جوان هەیە. لە هەر کوێ بیبینم پێم خۆشە بیخوێنمەوە، پێم خۆشە بیبینم.
شتی تازەت لەبەردەستە وەک نووسینی کتێب یان بڵاوکردنەوە؟
شتی تازەم بەدەستەوە نییە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆران هەر سەروکارم لەگەڵ ئەو شتانە هەیە. ئەگەر بۆ خۆشم نەیکەم، دۆست و برادەری دیکە هەن تووشم دەکەن، مەسەلەن جەنابت کتێبێکت نووسیوە، بۆم دەهێنی دەڵێی بیخوێنەوە ئەگەر ڕایەکت لەسەری هەیە پێم بڵێ، یا ئیحتمالەن شتێکی لەسەر بنووسە، زۆر بەوانەوە مەشغووڵم، کەمتر دەستم بە تاڵ دەبێ.