کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ڕێژیمی ئێران داوای دانوستانی لێ نەکردووین

18:07 - 21 رەشەمه 2725

ئاماژە: کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ئاسمانیی "العربية" و "الحدث" تیشکی خستەسەر ئەوەی لە داهاتوودا خەڵکی ئێران دێنە سەر شەقامەکان و بەوەش ڕووخانی ڕێژیم چاوەڕوانکراوە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەو وتووێژەدا ڕایگەیاندوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی داوای هیچ دانوستانێکی لە حیزبی دێموکرات نەکردووە.

 

ئایا دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆمار ئەمریکا یان بەرپرسیارانی ئەمریکا و ئورووپا پەیوەندییان بە بەرێزتان و هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران کردووە، و چی پێشکەشی ئێوەی کردووە؟

ئێمە لە ڕابردوو و ئێستاش لەگەڵ ئورووپا و ئەمریکا لە ڕێگای نوێنەرانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بیروڕامان گۆڕیوەتەوە لەسەر بابەتەکانی جیاوازی سیاسی قسەمان کردوە.

هەڵوێستی ئێوە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چییە؟

ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەست پێکرد لە هەموو کەس ڕوونە، بەڵام ئەم هێرشانە هەر لە خۆرا دەستیان پێ نەکردوە، بەڵکوو ئاکامی کردەوەکانی نزیک بە چل و حەوت ساڵی ئەو ڕێژیمەن. ئەو ڕێژیمە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی، دەستی بەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران داگرت و هەموو پێرسونێلی ئەو بالوێزخانەی بۆ ماوە ٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتە گرت، لەو کاتەوە تا ئێستاش دژایەتی لەگەڵ ئەمریکای درێژە داوە. هەر لەو کاتەشەوە بڕیاری لەنێوبردنی ئیسرائیلی داوە و بە کردەوەش هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە دەوری ئیسرائیل پڕ چەک کردوە و بازنەیەکی ئاگرینی پێک هێناوە. کۆماری ئیسلامی تەنانەت هەڕەشە و هێرشەکانی تا ئێستا لەسەر وڵاتانی کەندوایش بەردەوام بووە و زۆر هێرشی کردووەتە سەریان، هەروەک دەبینین لەم شەڕەشدا بە بیانووی هێرش بۆ سەر بنکە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا، زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلیشی کردووەتە ئامانج. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی ئەو وڵاتانە دژی هێرشی ئەمریکا بوون و تەنانەت نێوانگیرییان کردووە لە نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. وڵاتانی ڕۆژئاوا (ئەمریکا و ئورووپا) دەیان ساڵ لەگەڵ ئێران مدارایان کردووە و حەولیان داوە کە ئەو سیاسەتە شەڕئەنگێزانەی بگۆڕن، بەڵام ئەو ڕێژیمە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پێداگر بووە لەسەر درێژەدانی سیاسەتی خۆی. بۆیە ئەو هێرشانەی کرانە سەر کۆماری ئیسلامی دەرهاوێشتەی ئەو سیاسەتەن و چاوەڕوانکراو بوون. ئێمە پشتیوانی لە شەڕ ناکەین و لایەنگری ئەوەین ناکۆکییەکان لە ڕێگای دیالۆگ چارەسەر بکرێن، بەڵام کاتێک بە دیالۆگ نەکرێ ڕێگەچارە بۆ ناکۆکییەکان بدۆزرێتەوە، شەڕ وەک دوابژاردە دێتە ئاراوە.

تا چەند ئامادەی ئەم شەڕەن؟ ئایا ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی ئێران دەست پێ دەکەن؟

ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە شەڕەکەیان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم نییە، خەڵکی ئێرانیش لە ترسی سەرکوت و کوشتاری بێبەزەییانەی ڕێژیم ـ هەروەک لە ٧ و ٨ فێورییەی ئەمساڵدا دیتمان -زۆر بە زەحمەتە لانیکەم لە کورت‌ماوەدا- بتوانن بە هاتنە سەرشەقام ڕێژیم بڕووخێنن، بەڵام لە داهاتوودا ڕووداوێکی ئەوتۆ چاوەڕوانکراوە.

هەڵوێستت چییە لەسەر دەسەڵاتی ئێستای ئێران و ئایا داوای دانوستاندنیان لە بەڕێزتان کردووە؟

حکوومەتی ئێران حکوومەتێکی دیکتاتۆرییە کە لەسەر بنەمای ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی ویلایەت فەقیهی دامەزراوە و، هەموو داهاتی وڵاتێکی دەوڵەمەندی ئێرانی لە ڕێگای ئیدئولۆژی خۆی بەکارهێناوە، لە کاتێکدا دانیشتووانی ئێران لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێبەشن سامانی گشتی وڵات بۆ پڕچەککردن و بەهێزکردنی هێزە نیابەتییەکان، پەرەدان بە پیتاندنی یۆرانیوم بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پەرەدان بە تێرۆریزم بەکار دێنێ. دەستی بەهەر جێگایەک بگا برسیتی، شەڕ، دووبەرەکی پێک‌دێنێ. ڕێژیمی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا، داوای دانوستانی لە ئێمە نەکردووە.