کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندێکی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ حیزبی چەپی ئاڵمان

22:01 - 21 رەشەمه 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی، شاندێکی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" لە پارلەمانی شاری هامبۆرگی ئاڵمان ، لەگەڵ "داوید شتۆپ" بەرپرسی فراکسیۆنی حیزبی چەپ کۆ بۆونەوە.

"مستەفا قازیزادە" بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە بوو.

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، مستەفا قازیزادە بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات و وەک دەنگی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، تیشکی خستە سەر مێژووی خەباتی کوردستان وەک سەنگەری پێشەنگی ڕاوەستان دژی کۆماری ئیسلامی.

ناوبراو ئاماژەی بە مانگرتنە گشتییەکانی ساڵانی ٢٠٢٠، ٢٠٢٢ و ٢٠٢٥ کرد و جەختی لە ڕۆڵ و کاریگەریی گەلی کورد لە شۆڕشی "ژینا"دا کردەوە.

قازیزادە لە بەشێکی تری قسەکانیدا، باسێکی وردی لەسەر هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی حزبە کوردستانییەکان پێشکەش کرد  و وتی کە ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات کورد پەلکێشی نێو شەڕە ناوچەییەکان بکات، تا بەو بیانووەوە دەستی بۆ کوشتاری زیاتری گەلی کورد ئاوا بێت.

قازیزادە داوای لە حیزبی چەپی ئاڵمان کرد کە لە ئەگەری هەر کارەساتێکی مرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانی لە گەلی کورد بکەن.

هەروەها جەختی کردەوە کە داهاتووی ئێران بەبێ جێگیربوونی دێموکراسی، سیستمێکی نامەرکەزی و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، داهاتوویەکی نادیار و پڕ لە قەیران دەبێت.

"داوید شتۆپ" بەرپرسی فراکسیۆنی حیزبی چەپ، وێڕای ئاماژەدان بە نامەشرووعییەتی کۆماری ئیسلامی، بەڵێنی دا کە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوانگەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان و داواکارییەکانیان بۆ پشتیوانیی مرۆیی، بگەیەنێتە نێو پارلەمانی هامبۆرگ.