ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، هەیئەتێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە بەڕێزان "حیسام دەستپێش" و "ئاسۆ عەزیزی"، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی گرووپی "سۆسیال دێموکراتەکان" لە پارلەمانی ئورووپا، بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە شاری ستراسبۆرگ کرد.
ئەم دانیشتنە کە بە سەرۆکایەتیی "یانیس مانیاتیس"، جێگری گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان بەڕێوەچوو، تەرخان کرابوو بۆ هەڵسەنگاندنی ئاڵۆزییەکانی ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە دەسپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دانیشتنەکە تیشکی خستە سەر شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا. پاشان "ڕالف مێلزێر"، سەرۆکی ناوەندی فرێدریش ئیبێرت، باسێکی لەسەر بارودۆخی نێوخۆیی و ئاستەنگە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و پرسی لوبنان پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات ڕوانگەی حیزبیان سەبارەت بە تێکشکانی پێگەی کۆماری ئیسلامی خستە ڕوو. هەیئەتەکە ئاماژەی بە پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە ئێستادا تاقە هاوپەیمانیی ڕێکخراو و خاوەن بەرنامەیەکی دێموکراتیکە لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا.
ئەم دانیشتنە کە بە پرسیار و تێبینیی ئەندامانی پارلەمانی ئورووپا کۆتایی هات، دووهەمین بانگهێشتی فەرمیی حیزبی دێموکرات بوو بۆ ئەم جۆرە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییانە، کە نیشانەی گرینگیی پێگەی حیزب و دۆزی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەیە.