کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی فینلەند

01:02 - 23 رەشەمه 2725

ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەشەمە، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە شەهێن زادئەحمەد و مەجید حەقی لەگەڵ لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی فینلەند بە سەرۆکایەتی یۆهانێس کۆسکینێن کۆ بوونەوە و تێیدا ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر بارودۆخی سیاسی و مرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا.

هەئیەتی حیزب داوای کرد پارلەمانی فینلەند هاوپەیمانیی نێوان شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی ئێران وەک نوێنەرایەتییەکی سیاسیی بەرپرسیار و جیددی گەلی کورد بە فەرمی بناسێت و نوێنەرانی ئەم هاوپەیمانییە بۆ ناوەندە بڕیاربەدەستەکان بانگهێشت بکات تا دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بگاتە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر دۆخی نالەباری کوردستان و ئاماژە بەوە درا کە کۆماری ئیسلامی بنکە سەربازییەکانی گواستووەتەوە بۆ نێو قوتابخانە و مزگەوتەکان و خەڵکی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.

هەیئەتی حیزب جەختیان کردەوە کە پرسی کورد پرسێکی سیاسیی ڕەوایە و پێویستە لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵی و دێموکراتیکدا چارەسەر بکرێت.

هەروەها داوا لە فینلەند کرا لە ڕێگەی یەکیەتیی ئورووپاوە گوشار بخاتە سەر ئێران بۆ پاراستنی ژیانی زیندانییانی سیاسی و لە کۆتاییدا جەخت لەوە کرایەوە کە سیاسەتی فینلەند لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە پشتگیریکردنی ئۆپۆزسیۆنی دێموکراتیکدا بگێڕێت.